پەردەی چل و چوارەم: بەرخی خودا

KoG 44-ROCKintl.orgسی ساڵ به‌سه‌ر له‌دایكبوونی عیسادا تێپه‌ری بوو. قه‌یسه‌ری ئیمپراتۆری ڕۆم مردبوو، كوڕەكه‌ی جێی باوكی گرتبۆوه‌ وه‌ك ئیمپراتۆر. هێرۆدسی ئانتیپاس فه‌رمانڕەوای جه‌لیل بوو و پیلاتۆس حاكمی ناوچه‌ی یه‌هودیا بوو. پێغه‌مبه‌رێكی نوێ‌ له‌ ناوچه‌ی فه‌له‌ستین ده‌ركه‌وتبوو، په‌یامی خودای ڕاده‌گه‌یاند.
هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌دا، یه‌حیای له‌ئاوهه‌ڵكێش له‌ ده‌شتی یه‌هودیا ده‌ركه‌وت و په‌یامی خودای ڕاده‌گه‌یاند، ده‌یگوت: «تۆبه‌ بكه‌ن، چونكه‌ پاشایه‌تی ئاسمان نزیك بووه‌ته‌وه‌.»
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر ئیشایاوه‌ ده‌رباره‌ی گوتراوه‌: ﴿كه‌سێك له‌ چۆڵه‌وانی هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت: «ڕێگا بۆ هاتنی یه‌زدان ئاماده‌ بكه‌ن،ڕێچكه‌كانی بۆ ڕێكبخه‌ن.»﴾
جلوبه‌رگی یه‌حیا له‌ مووی وشتر بوو، پشتێنێكی چه‌رمیشی له‌ كه‌مه‌ری ده‌به‌ست، خواردنیشی كولله‌ و هه‌نگوینی كێوی بوو. (مه‌تا ٣: ١-٤)
له‌ كاتێكدا خه‌ڵكی خه‌ریكی له‌به‌ركردنی جلی ئاوریشم و خواردن و خواردنه‌وه‌ی به‌تام بوون، یه‌حیا پیاوێكی ساده‌ و ساكار بوو. ئه‌ركی به‌جێهێنانی بانگه‌وازی په‌یامی خودا بوو.
یه‌حیا ده‌نگێك بوو موژده‌ی هاتنی پاشاكه‌ی ڕاده‌گه‌یاند.
به‌ سه‌دان ساڵ به‌ر له‌ ده‌ركه‌وتنی یه‌حیا، پێغه‌مبه‌ران (مه‌لاخی) و (ئیشایا)، پێشبینی هاتنی ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌یان پێش ده‌ركه‌وتنی مه‌سیحی پاشا كردبوو.
پێغه‌مبه‌رانی په‌یمانی كۆن پێشبینییان ده‌رباره‌ی ڕزگاركه‌ره‌كه‌ ده‌كرد و ده‌یانگوت: له‌كاتی خۆیدا، ڕزگاركه‌ره‌كه‌ دێته‌ سه‌ر زه‌وی، به‌ڵام یه‌حیای پێغه‌مبه‌ر بانگه‌وازی ده‌كرد و ده‌یگوت: «ئه‌و ڕۆژە هاتووه‌. ڕزگاركه‌ره‌كه‌ لێره‌یه‌!»
خه‌ڵكێكی زۆر ده‌چوونه‌ ده‌شتوده‌ر تاكو گوێبیستی وشه‌كانی یه‌حیا بن. هه‌موو ئه‌وانه‌ی تۆبه‌یان ده‌كرد یه‌حیا له‌ ڕووباری ئوردون له‌ ئاوی هه‌ڵده‌كێشان. به‌م جۆره‌ خه‌ڵكه‌كه‌ باوه‌ڕی خۆیان بۆ مه‌سیح نیشان ده‌دا كه‌ هه‌موو گوناهه‌كانیان ده‌سڕێته‌وه‌ و پۆشاكی پیرۆزیان له‌به‌رده‌كات.
ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ، هه‌فته‌ له‌دوای هه‌فته‌، یه‌حیا خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاگادارده‌كرده‌وه‌ له‌ هاتنی ئه‌و ڕزگاركه‌ره‌ی ماوه‌یه‌كی دوورودرێژە چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ن،
«شایانی ئه‌وه‌ نیم پێڵاوه‌كانی بۆ هه‌ڵبگرم. ئه‌و له‌ ڕۆحی پیرۆز و له‌ ئاگرتان هه‌ڵده‌كێشێت.» (مه‌تا ٣: ١١)
ڕۆژێكیان، ڕزگاركه‌ره‌كه‌ له‌ناو قه‌ره‌باڵغیه‌كه‌وه‌ ده‌ركه‌وت، هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌حیا خه‌ڵكی تێدا له‌ ئاو هه‌ڵده‌كێشا.
یه‌حیا ده‌ستی بۆ عیسا درێژكرد و گوتی:
«‏ئه‌وه‌تا ‏به‌رخی ‏خودا، ئه‌وه‌ی‏ گوناهی ‏جیهان‏ لاده‌بات.» (یۆحه‌نا ١: ٢٩)
بۆچی یه‌حیا عیسای به‌ به‌رخی خودا ناوبرد؟
ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ بزانی، مانای ئه‌وه‌یه‌ له‌ مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی هاتنی پاشاكه‌ تێگه‌یشتووی.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

ئایا پەیامی یەحیای خەڵك لەئاوهەڵكێش چۆن جیاواز بوو لەگەڵ پەیامی پێغەمبەرانی پێش خۆی؟

بۆچی یەحیا دەستی بۆ عیسا ڕاكێشا و گوتی ”ئەوەتا بەرخی خودا، ئەوەی گوناهی جیهان لادەبات“؟