پەردەی شەست و پێنجەم: گۆرێکی به‌تاڵ‌

KoG 65-ROCKintl.orgله‌و ده‌مه‌ی ئاده‌م گوناهی كرد، مردن وه‌ك پاشایه‌كی زۆردار ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر مرۆڤایه‌تیدا زاڵ بوو. ئه‌گه‌ر عیساش گوناهی بكردبایه‌ ئه‌وا جه‌سته‌ی بۆگه‌نی ده‌كرد و ورده‌ورده‌ ده‌بووه‌ خۆڵ. به‌ڵام هه‌زار ساڵ به‌ر له‌ مردنی عیسا داودی پێغه‌مبه‌ر ئه‌مه‌ی نووسی،
«ڕێگا ناده‌یت ئه‌وه‌ی تۆ پیرۆزت كردووه‌ له‌ناو گۆڕ بۆگه‌ن بێت.» (زه‌بووره‌كان ١٦: ١٠)
مردن و گۆڕ ده‌سه‌ڵاتیان نییه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی هه‌رگیز گوناهی نه‌كردووه‌.
سێ‌ ڕۆژ له‌دوای مردن و به‌خاكسپاردنی عیسا، به‌یانی یه‌ك شه‌ممه‌ بوو، چه‌ند ژنێك چوونه‌ سه‌ر گۆڕەكه‌. له‌پڕێكدا، بومه‌له‌رزه‌یه‌كی به‌هێز ڕوویدا، چونكه‌ فریشته‌یه‌كی خودا هاته‌ خواره‌وه‌ و به‌ردی به‌رده‌م گۆڕەكه‌ی گلۆر كرده‌وه‌ و له‌سه‌ری دانیشت. پاسه‌وانه‌كان له‌ ترسا له‌ هۆش خۆیان چوون، به‌ڵام فریشته‌كه‌ به‌ ژنه‌كانی گوت:
«مه‌ترسن، چونكه‌ ده‌زانم به‌ شوێن عیسای له‌خاچدراودا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌و لێره‌ نییه‌، وه‌ك خۆی فه‌رمووی، هه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌. وه‌رن سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ بكه‌ن كه‌ لێی درێژكرابوو. خێرا بڕۆن و به‌ قوتابییه‌كانی بڵێن: “ئه‌و له‌نێو مردوواندا هه‌ستێنراوه‌ته‌وه…”.»
ئه‌وانیش خێرا له‌لای گۆڕە‌كه‌ ڕۆیشتن، به‌ ترس و خۆشییه‌كی گه‌وره‌وه‌ ڕایانكرد، تاوه‌كو هه‌واڵ بده‌نه‌ قوتابییه‌كانی. ئەوە بوو عیسا تووشیان هات. «سڵاو!» ئەوانیش چوونە پێشەوە، پێی عیسایان گرت و کڕنۆشیان بۆ برد. (مه‌تا ٢٨: ٥-٩)
پاشان سه‌ربازه‌كان هه‌ستانه‌وه‌ و چوونه‌ ناو شار تاكو ڕووداوه‌كه‌ بۆ پێشه‌وایانی ئايینی جوله‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌. ئینجا پێشه‌وا ئايینییه‌كان پاره‌یه‌كی زۆریان به‌ سه‌ربازه‌كاندا و پێیان گوتن،
«بڵێن، “كاتێك ئێمه‌ خه‌وتبووین، قوتابییه‌كانی له‌ شه‌ودا هاتن و دزییان.”» (مه‌تا ٢٨: ١٣)
به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ به‌ درۆی سه‌ربازه‌كان نه‌شاردرایه‌وه‌. گۆڕەكه‌ به‌تاڵ بوو!
به‌ مردنی خۆی، عیسا باجی گوناهه‌كانی ئێمه‌ی دا.
به‌ نێژرانی له‌ گۆڕدا عیسا چووه‌ ناو قوڵایی چاڵی مردن و ڕزینی له‌ش.
به‌ هه‌ستانه‌وه‌ی له‌ مردن، عیسا به‌سه‌ر هێزی مردندا زاڵ بوو. ئێستا ده‌فه‌رموێ:
«مه‌ترسه‌، من یه‌كه‌مین و كۆتاییم. منم ئه‌وه‌ی زیندووه‌، پێشتر مردم، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ زیندووم! هه‌روه‌ها كلیله‌كانی مردن و جیهانی مردووانم پێیه‌.» (ئاشكراكردن ١: ١٧-١٨)
بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕ به‌م هه‌واڵه‌ خۆشه‌ ده‌هێنن، مردن ته‌نها ئه‌و ده‌رگایه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یانباته‌ به‌رده‌م ئه‌و پاشایه‌ی ده‌فه‌رموێ:
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیندووم ئێوه‌ش ده‌ژین.» (یۆحه‌نا ١٤: ١٩)



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

بەیانی یەكشەممە کە ژنەكان چوونە سەر گۆڕەكە، چیان دۆزییەوە؟

پێشەوایانی ئايینی جولەكە چیان كرد بۆ داپۆشینی ڕاستییەكە سەبارەت بە گۆڕە بەتاڵەكە؟

ئەگەر باوەڕی تەواوم بە عیسای مەسیح هەبێت، بۆچی پێویست ناكات چیرت لە مردن برتسم؟