پەردەی شەست و سێیەم: کۆتا قوربانی‌

KoG 63-ROCKintl.orgنیوه‌ڕۆ داهات. عیسا ماوه‌ی سێ‌ كاتژمێری له‌سه‌ر خاچ به‌سه‌ربرد. هه‌ورێكی ڕەش سه‌رتاپای ناوچه‌كه‌ی داگرت. ڕۆژی نیوه‌ڕۆ وه‌ك شه‌وی لێهات. خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ ترسان په‌رشوبڵاو بوونه‌وه‌. ترس و بێده‌نگییه‌كی زۆر باڵی به‌سه‌ر شوێنه‌كه‌دا كێشا. پاش سێ‌ كاتژمێر عیسا هاواری كرد بۆ باوك،
«خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ‌ هێنام؟» (مه‌تا ٢٧: ٤٦)

كوڕی هه‌تاهه‌تایی خودا له‌سه‌ر خاچ هه‌ستی به‌ سامناکی لێكجیابوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ باوكی ئاسمانی كرد. له‌ كاتی تاریكیدا و دوور له‌ چاوی مرۆڤه‌كان یه‌زدان هه‌موو گوناهه‌کانی ئێمه‌ی خسته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی كوڕە پیرۆزه‌كه‌ی. عیسا بووه‌ دوا قوربانی گوناهه‌كان.
گوناهی ڕابردوو، ئێستا و داهاتووی جیهان هه‌مووی چووه‌ سه‌ر شانی مه‌سیح. ده‌بووایه‌ خودای ئاسمان ڕووی وه‌رگێڕێت چونكه‌، «چاوه‌كانی خودا له‌وه‌ پاكترن ته‌ماشای خراپه‌ بكه‌ن» (هه‌به‌قووق ١: ١٣). بۆ ماوه‌ی سێ‌ كاتژمێری درێژ، توڕەیی خودا له‌ دژی گوناه له‌سه‌ر قوربانییه‌كه‌ی خۆی بڵێسه‌ی سه‌ند. هه‌ر وه‌ك چۆن به‌رخ له‌ قوربانگه‌دا ده‌کرێته‌ قوربانی، به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رخی خودا به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی له‌ نێوان زه‌وی و ئاسماندا مایه‌وه‌، له‌ نێوان خودا و مرۆڤ. خودای هه‌تاهه‌تایی سزای گوناهه‌كانی مرۆڤی خسته‌ ئه‌ستۆی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ كۆل و باری گوناه هه‌ڵنه‌گرن.
جا ته‌واو بوو.
عیسا ئه‌وه‌ی زانی كه‌ سزای گوناهی هه‌موو گوناهبارانی چه‌شت و هه‌موو پێشبینیه‌كانی په‌یمانی كۆن به‌دیهاتن. ئینجا فه‌رمووی:
«ته‌واو بوو.»
له‌دوای ئه‌وه‌ سه‌ری دانه‌واند و گیانی سپارد. (یۆحه‌نا ١٩: ٣٠)
«له‌و كاته‌دا په‌رده‌ی په‌رستگاش له‌ سه‌ره‌وه‌ هه‌تا خواره‌وه‌ شه‌قبوو و بوو به‌ دوو پارچه‌. زه‌وی له‌رزی و به‌رد درزیان برد.» (مه‌تا ٢٧: ٥١)
بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵ، به‌رخ سه‌رده‌بڕدرا و له‌ قوربانگه‌ی په‌رستگادا ده‌كرایه‌ قوربانی. كاتێك عیسا له‌سه‌ر خاچ مرد، یه‌زدان په‌رده‌ی په‌رستگای دڕاند. له‌پشت په‌رده‌ی په‌رستگاوه‌ ژوورێكی نه‌بینراو هه‌بوو كه‌ هه‌موو ساڵێك خوێنی قوربانییه‌كان له‌و ژووره‌دا ده‌پرژێنرا بۆ داپۆشینی گوناه. به‌ دڕانی ئه‌و په‌رده‌یه‌، خودا ڕایگه‌یاند: “كاره‌كه‌ ته‌واو بوو! به‌ ته‌واوی باجی گوناه درا! به‌رخه‌كه‌م خوێنی پیرۆزی له‌پێناو گوناهه‌كانی جیهان ڕژاند. چیتر خوێنی ئاژەڵ قبوڵ ناكه‌م بۆ لێخۆش بوونی گوناه. كوڕە خۆشه‌ویسته‌كه‌م دوا قوربانییه‌. بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی پێده‌هێنن، ده‌رگای به‌هه‌شت كرایه‌وه‌!” (بڕوانه‌ سیپاره‌ی عیبرانییه‌كان له‌ په‌یمانی نوێ)
حه‌وت سه‌د ساڵ به‌ر له‌م ڕووداوه‌، ئیشایای پێغه‌مبه‌ر فه‌رموویه‌تی،
ئه‌و له‌به‌ر یاخیبوونه‌كانمان بریندار بوو، له‌به‌ر تاوانه‌كانمان وردوخاشكرا. ئه‌و له‌ پێناوی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ سزای چێژت، به‌ برینه‌كانی ئه‌و چاك بووینه‌وه‌. هه‌موو وه‌ك مه‌ڕ بڵاوه‌مان كردووه‌، هه‌ریه‌كه‌ ملی ڕێگای خۆمان گرتووه‌، به‌ڵام یه‌زدان هه‌موو تاوانه‌كانی ئێمه‌ی خسته‌ سه‌ر ئه‌و. (ئیشایا ٥٣: ٥-٦)
كاره‌كه‌ ته‌واو بوو.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

لە كاتێكدا عیسا لەسەر خاچ بوو تاریكی داهات، باوكی ئاسامنی چی خستە سەر شانی مەسیح؟

بۆچی عیسا فررمووی: «كارركر ترواو بوو.»؟ بۆچی یرزدان پرردری پررستگای دڕاند؟