لە پشت پەردەوە

لەكاتێكدا لە كەناری ڕووبارێك لە تەنیشتی خوشكەكەیەوە دانیشتبوو، ئاڵس خەریكبوو بەتەواوی بێزاربێت، هیچ نەبوو خۆی پێوە خەریك بكات. یەك دوو جار تەماشای ئەو كتێبەی كرد كە خوشكەكەی دەیخوێندەوە، بەڵام كتێبەكە وێنە و گفتوگۆی خۆشی تێدا نەبوو، بۆیە ئاڵس لە دڵی خۆیدا گوتی: “دەبێت سوودی كتێبێك چی بێت ئەگەر وێنە و گفتوگۆی خۆشی تێدا نەبێت؟”
ئەم كتێبەی لەبەر دەستی تۆدایە پڕە لە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و گفتوگۆی بەچێژ. لەمە گرنگتر، پێچەوانەی ئەفسانە و چیڕۆكە ئەفسانەییەكان، هەموو وێنە و گفتوگۆكانی ناو ئەم كتێبە ڕووداوی ڕاستەقینەن. وەك نووسەر، خەم و دوودڵی دایگرتم كاتێك بڕیارمدا كتێبێكی لەم جۆرە بەرهەم بهێنم كە پڕبێت لە وێنە، گوزارشت لە گێڕانەوەی مەزنترین چیڕۆكی مێژوو بكات، چونكە پڕۆژەیەكی لەو جۆرە پێویستی بە وریایی و دەستڕەنگینیيەكی زۆر هەیە.

چەند ساڵێك لەمەوبەر، كاتێك لە ڕۆژئاوای ئەفریقیا دەژیام، كۆرسێكم دەربارەی بەرهەمهێنانی پرۆگرامی ڕادیۆیی خوێند. لە یەكەم وانەی كۆرسەكە، پرۆفیسۆری بابەتەكە پرسیاری كرد، “ئایا یەكێك لەو تایبەتمەندیانە چییە كە وا لە ڕادیۆ دەكات لە تەلەفیزیۆن باشتر بێت؟” وەڵامەكەی تووشی سەرسوڕمانی كردین: “ڕادیۆ وێنەیەكی باشتر نیشان دەدات.”

ڕاستە تەنانەت مەزنترین فیلمی سینەمایی هۆڵیوودیش ناتوانێت بگاتە ئاستی تواناكانی مێشكی مرۆڤ، لە وەرگێڕانی وشەكان بۆ وێنە. نووسراوە كۆنەكانی پێغەمبەران بە سەدان وشە و وێنەمان بۆ دەكێشن كە هیچ فیلمێك ناتوانێت بەو شێوە تەواوە ڕووداوەكان نیشان بدات، تەنانەت مەحاڵە مەزنترین وێنەكێشیش بەو شێوەیە توانای كێشانی ڕووداوەكانی هەبێت. بۆیە دان بەوەدا دەنێم، هیچ هونەرێكی وێنەكێشان ناتوانێت مەزنترین چیڕۆكی مێژوو بە شێوەیەكی تێر و تەسەل بگێڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەش ئەنجامدانی ئەم كارە بە وێنەوە چێژی تایبەتی خۆی هەیه.

(ئەرمیندا سان مارتن) وێنەكێشێكی بەهرەمەندی وڵاتی ئەرجەنتینە، وردەكارییەكی زۆری بەكارهێناوە لە وەرگێڕانی وشەكان بۆ وێنە. لە كێشانی وێنەكاندا، فڵچە و قەڵەمی دیجیتاڵی بەكارهێناوە. توانیویەتی لە ماوەی چواردە مانگدا سكێچ و وێنەكانی ناو ئەم كتێبە تەواو بكات. هیوادارم كارەكانی ئێوەش بهێنێتە جۆش و خرۆش، هەروەك كاریگەری لەسەر من هەبوو.

ئێستا بیر لەمە بكەنەوە: ئەگەر چیڕۆكێك بخوێنینەوە، ئایا لەكوێوە دەستپێدەكەی؟ لە ناوەڕاستەوە؟ بێگومان نەخێر، لە سەرەتاوە دەست پێدەكەین، چونكە تەنها بەم جۆرە لە چیڕۆكەكە تێدەگەین. بە هەمان شێوە، بۆ تێگەیشتن لەكتێبی پیرۆز، پێویستە لە سەرەتاوە دەستپێبكەین بۆ كۆتایی، بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێكی دڵنیاكەر. نووسراوی پێغەمبەران بە سەدان زنجیرە چیڕۆكی كورتیان لەخۆ گرتووە، هەموویان پێكەوە یەك چیڕۆك پێكدەهێنن. لە نووسینی كتێبی “پاشایەتی شكۆمەندی”دا، هەستم كرد گوڵفرۆشێكم و نێردراومەتە باخچەیەكی بێژمار لەگوڵ، بۆ ئەوەی چەند جۆرێكی جیاواز لە گوڵ هەڵبژێرم. پاشان بە جۆرێك ڕێكیان بخەم كە بتوانم شكۆ و مەزنی تەواوی باخچەكەپیشان بدەم. لەم كتێبەدا چەند چیڕۆكێكی سەرەكیم لەكتێبی پیرۆزەوە هەڵبژاردووە. لە حەفتا پەردەی درامیدا ڕێكمخستوون، بەهیوای دەرخستنی شكۆ و مەزنی پاشای هەتاهەتایی، كە لە شێوەی مرۆڤێكدا خۆی دەرخستووە.

تكام لە خودا ئەوەیە، وێنە و چیڕۆكە ڕاستەقینەكانی ئەم كتێبە، خوێنەرانی ئەم كتێبە بە هەموو تەمەنە جیاوازەكانەوە هانبدات، تاكو چێژی تەواو لە نووسراوی پێغەمبەران وەربگرن، بكەونە خۆشەویستی لەگەڵ ئەو كەسەی پاشایەتییەكەی هەرگیز كۆتایی نایەت.

ئاواتەخوازم كە تۆ وێنەیەكی باشتر و ڕوونتر ببینیت.