پەردەی بیست و هەشتەم: خودا بانگی ئیبراهیم دەکات

KoG 28-ROCKintl.orgده نه‌وه‌ له‌دوای سه‌رده‌می نوح. شه‌یتان به‌باشی شوێن پێی خۆی كردبوویه‌وه‌ له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی.
له‌جیاتی باوه‌ڕكردن به‌ خودای تاك و ته‌نیا، خه‌ڵكی خه‌ریكی دینداری و په‌رستنی خودای جیاواز بوون. هه‌ندێك نه‌ته‌وه‌ خۆریان ده‌په‌رست له‌بری په‌رستنی به‌دیهێنه‌ری خۆر. هه‌ندێكی دیكه‌ كڕنۆشیان بۆ مانگ ده‌برد.
ده‌وروبه‌ری ساڵی ١٩٢٥ی پێش زاین بوو.
له‌ مێزۆپۆتامیا، پیاوێكی پیر هه‌بوو به‌ ناوی ئه‌برام. دواتر خودا ناوه‌كه‌ی گۆڕی بۆ ئیبراهیم، واته‌ باوكی چه‌ندین نه‌ته‌وه‌.
ئیبراهیم ته‌مه‌نی ٧٥ ساڵ بوو. سارای ژنی ته‌مه‌نی ٦٥ ساڵ بوو، هیچ منداڵیان نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سارا نه‌زۆك بوو. دایك و باوك و دراوسێكانیان بتپه‌رست بوون.
ڕۆژێك یه‌زدان به‌ ئیبراهیمی فه‌رموو:
«خاك و كه‌سوكار و ماڵی باوكت به‌جێ‌ بهێڵه‌ و بڕۆ بۆ ئه‌و خاكه‌ی پیشانت ده‌ده‌م.
جا ده‌تكه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن، به‌ره‌كه‌تدارت ده‌كه‌م، ناوت مه‌زن ده‌كه‌م، ده‌بیته‌ به‌ره‌كه‌ت. ئه‌وانه‌ی داوای به‌ره‌كه‌تت بۆ ده‌كه‌ن به‌ره‌كه‌تداریان ده‌كه‌م، نه‌فره‌تیش له‌ نه‌فره‌تكارانت ده‌كه‌م. هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی تۆوه‌ به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن.» (په‌یدابوون ١٢: ١-٣)
خودا ویستی په‌یمانێك له‌گه‌ڵ ئیبراهیم ببه‌ستێ. یه‌زدان دوو كاری مه‌زنی له‌سه‌ر ده‌ستی ئیبراهیم ده‌كات ئه‌گه‌ر خزم و كه‌س و كار و ناوچه‌كه‌ی جێبهێڵێ و بچێته‌ شوێنێكی دوور و نادیار.
یه‌زدان ئیبراهیم ده‌كاته‌ باوكی نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن.
له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ نوێیه‌وه‌ یه‌زدان هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌وی پیرۆز ده‌كات.
ئه‌گه‌ر ئیبراهیم به‌دوای خودا و فه‌رمانی خودا بكه‌وێ، ئه‌وا ده‌بێته‌ باوكی نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌نێویه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ران و وشه‌كانی خودا و ڕزگاركه‌ری مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌كه‌ون.
ئایا ئیبراهیم چیكرد؟
به‌ باوه‌ڕ كاتێك ئیبراهیم بانگكرا بچێته‌ ئه‌و شوێنه‌ی خه‌ریك بوو به‌ میرات وه‌ریبگرێت، گوێڕایه‌ڵ بوو و ڕۆیشت، هه‌رچه‌نده‌ نه‌یده‌زانی بۆ كوێ ده‌چێت. (عیبرانییه‌كان ١١: ٨)
بۆ ئیبراهیم و سارا كارێكی ئاسان نه‌بوو خێزان و كه‌سوكاره‌ بتپه‌رسته‌كانیان جێبهێڵن و پشتیان لێبكه‌ن. به‌ڵام ئیبراهیم و ژنه‌كه‌ی بڕیاریان دا گله‌یی و گازنده‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان قبوڵ بكه‌ن و به‌دوای خودای ڕاسته‌قینه‌ بكه‌ون.
زۆرجار متمانه‌ به‌ خودا و گوێڕایه‌لبوون ئاسان نییه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ باشترین ڕێگایه‌.



بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

ئەو دوو بەڵێنه مەزنه چی بوون كە یەزدان بە ئیرباهیمی دا ئەگەر شوێنی بكەوێت و باوەڕی پێی هەبێت؟