پەردەی سی و سێیەم: خودای پیرۆز و دڵسۆز

KoG 33-ROCKintl.org ئایا ئه‌و دوو به‌ڵێنه‌ مه‌زنه‌تان له‌بیره‌ كه‌ یه‌زدان به‌ ئیبراهیمی دا؟ یه‌كه‌م، یه‌زدان فه‌رمووی:
«ده‌تكه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی مه‌زن.» (په‌یدابوون ١٢: ٢)
یه‌زدان به‌ڵێنه‌كه‌ی هێنایه‌ دی. ئیبراهیم بووه‌ باوكی ئیسحاق، ئیسحاق یاقوبی بوو، ئینجا یاقوب دوازده‌ كوڕی بوو، خێزانه‌كانی ئه‌م دوازده‌ كوڕە بوونه‌ دوازده‌ هۆزه‌كه‌ی گه‌لی ئیسرائیل. هه‌روه‌ها یه‌زدان فه‌رمووی:
«هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی سه‌ر زه‌ویش له‌ ڕێگه‌ی تۆوه‌ به‌ره‌كه‌تدار ده‌بن.» (په‌یدابوون ١٢: ٣)
خودا به‌ڵێنی دا ڕاسته‌وخۆ خۆی چاودێری ئه‌م گه‌له‌ بكات و په‌روه‌رده‌ی بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م گه‌له‌ زوو زوو له‌ خودا یاخی ده‌بوون. به‌ پارێزگاریكردن له‌م گه‌له‌، خودا پارێزگاری له‌و پلانه‌ ده‌كرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ته‌واوی سه‌ر زه‌وی پیرۆز ده‌كات، چونكه‌ له‌نێو ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌وه‌ پێغه‌مبه‌ران و وشه‌كانی خودا و ڕزگاركه‌ره‌ به‌ڵێنپێدراوه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ون. هه‌روه‌ها خودا ویستی نیشانی هه‌موو مرۆڤایه‌تی بدات ئه‌و چ خودایه‌كه‌ و چۆن پێشوازی له‌ گوناهباران ده‌كات.
خودا به‌رده‌وام بوو له‌ پلانه‌ نهێنییه‌كه‌ی.
له‌ ده‌وروبه‌ری ١٥٠٠ی پێش زایندا، یه‌زدان موسای نه‌وه‌ی ئیبراهیم به‌ په‌یامبه‌ری خۆی هه‌ڵبژارد. موسا له‌ ڕێگه‌ی سروشه‌وه‌ پێنچ په‌ڕتووكی یه‌كه‌می كتێبی پیرۆزی نووسیوه‌ته‌وه‌. خودا موسای به‌كارهێنا بۆ ڕزگاركردنی سێ‌ ملیۆن له‌ نه‌وه‌كانی ئیبراهیم له‌ خاكی میسر، پاش چوار سه‌د ساڵ له‌ كۆیلایه‌تی. كاتێك ئه‌م گه‌له‌ خاكی میسریان جێهێشت و به‌ره‌و زه‌وی به‌ڵێنپێدراو چوون، خودا خۆی ڕابه‌رایه‌تی ده‌كردن، له‌ كاتی ڕۆژدا به‌ هه‌ور سێبه‌ری بۆ ده‌كردن تاكو له‌ گه‌رمای بیابانی سه‌خت و دژوار ڕزگاریان بێت، له‌ كاتی شه‌ویشدا به‌ ستوونی ئاگر ڕێڕەوه‌كه‌یانی ڕووناك ده‌كرده‌وه‌. یه‌زدان به‌ ده‌سته‌ پیرۆز و به‌هێزه‌كانی ده‌ریای سووری بۆ شه‌قكردن بۆ ئه‌وه‌ی پێیدا بپه‌ڕنه‌وه‌، هه‌روه‌ها یه‌زدان له‌ ئاسمانه‌وه‌ نانی بۆ دابینده‌كردن و له‌ به‌ردی بیابانه‌وه‌ ئاوی بۆ هه‌ڵده‌قوڵاندن، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی گه‌یشتنه‌ شاخی سینا.
له‌ دامێنی شاخه‌كه‌ یه‌زدان به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو،
«ئێوه‌ بۆم ده‌بنه‌ پاشایه‌تی… و نه‌ته‌وه‌یه‌كی پیرۆز.» (ده‌رچوون ١٩: ٦)
یه‌زدان خواستی له‌سه‌ر پیرۆزكردنی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ بوو، ده‌یویست له‌ نه‌ته‌وه‌كانی ده‌وروبه‌ریان جیایان بكاته‌وه‌. به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ له‌ مانای پیرۆزبوون تێنه‌ده‌گه‌یشتن. خۆیان به‌ گوناهبار و بێ‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌زانی. هه‌وڵیان ده‌دا به‌ ویستی خۆیان خودا ڕازی بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌ی فێریان بكات چه‌نده‌ دڵگران و تووڕەیه‌ به‌ گوناه، یه‌زدان له‌ شێوه‌ی زه‌مین له‌رزه‌ و ئاگرێكی بڵێسه‌دار و ده‌نگێكی گه‌وره‌ هاته‌ خواره‌وه‌.
«هه‌موو شاخی سیناش دووكه‌ڵی ده‌كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌زدان به‌ ئاگره‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ری و دووكه‌ڵیش وه‌ك دووكه‌ڵی كووره‌ به‌رزبۆوه‌ و هه‌موو كێوه‌كه‌ش به‌ تووندی له‌رزی. ده‌نگی كه‌ڕەناش جار له‌دوای جار به‌رزتر ده‌بوو. موسا ده‌دووا و خوداش به‌ ده‌نگ وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌.» (ده‌رچوون ١٩: ١٨-١٩)
خودا یه‌ك ڕاسپارده‌ی دایه‌ ئاده‌م بۆ گوێڕایه‌ڵبوون، به‌ڵام خه‌ریكه‌ ده‌ ڕاسپارده‌ به‌م گه‌له‌ بسپێرێت.



بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

ئایا ئەو دوو بەڵێنه مەزنەی خودا بە ئیرباهیمی دا چۆن جێبەجێی كردن؟