پەردەی پەنجا و پێنجەم: ئەرکەکەی

KoG 55-ROCKintl.orgعیسای په‌روه‌ردگار بۆ ماوه‌ی سێ‌ ساڵ له‌ ناوچه‌كانی فه‌له‌ستین «ده‌گه‌ڕا و چاكه‌ی ده‌كرد و هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئیبلیس ده‌ستی به‌سه‌ریاندا گرتبوو چاكی ده‌كردنه‌وه‌.» (كردار ١٠: ٣٨). خه‌ڵكانی هه‌ژار و ساده‌ و ساكار خۆشیان ده‌ویست، به‌ڵام پیاوانی ئايینی جوله‌كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم خه‌ریكی پیلاندانان بوون بۆ كوشتنی- مه‌سیح ئاگاداری پیلانه‌كه‌یان بوو.
كه‌ ڕۆژانی به‌رزكردنه‌وه‌ی ‏نزیكبووه‌وه‌، پێداگری كرد له‌سه‌ر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشه‌لیم. (لۆقا ٩: ٥١)
ئه‌گه‌ر بزانی كۆمه‌ڵێ‌ پیاوی به‌دكار له‌ شارێكی دووره‌وه‌ خه‌ریكی پیلاندانانن بۆ گرتن و ئازاردان و كوشتنت، ئایا ڕوو له‌و شاره‌ ده‌كه‌ی؟
به‌ڵام مه‌سیح به‌ره‌و شاره‌كه‌ چوو.
له‌و كاته‌وه‌ عیسا ده‌ستی به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ كرد بۆ قوتابییه‌كانی كه‌ ده‌بێت بچێته‌ ئۆرشه‌لیم، له‌وێ به‌ ده‌ستی پیران و كاهینانی باڵا و مامۆستایانی ته‌ورات زۆر ئازار بچێژێت و بكوژرێت و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ستێنرێته‌وه‌. (مه‌تا ١٦: ٢١)
عیسا ئه‌و پاشا زه‌مینییه‌ نه‌بوو كه‌ قوتابییه‌كانی چاوه‌ڕوانی بوون. قوتابییه‌كان له‌و باوه‌ڕەدا نه‌بوون خودا ڕێگه‌ بدات تاكه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ی ئازار بكێشێ‌ و له‌خاچ بدرێ‌. بۆیه‌ په‌ترۆس به‌ عیسای گوت:
«خودا نه‌كات گه‌وره‌م! هه‌رگیز ئه‌مه‌ت به‌سه‌رنه‌یه‌ت!»
عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ و به‌ په‌ترۆسی فه‌رموو: «له‌به‌رچاوم لاچۆ، ئه‌ی شه‌یتان! تۆ كۆسپی له‌به‌رده‌مم، چونكه‌ بیر له‌ شته‌ خوداییه‌كان ناكه‌یته‌وه‌، به‌ڵكو شتی مرۆڤانه‌.» (مه‌تا ١٦: ٢٢-٢٣)
قوتابییه‌كان پێشبینیان ده‌كرد مه‌سیحی پاشا ئیمپراتۆریه‌تی داگیركه‌ری ڕۆم له‌ناو به‌رێت و حكومه‌تێكی نوێ‌ له‌ ئۆرشه‌لیم دابمه‌زرێنێ‌. ته‌نانه‌ت له‌ كاتێكدا گه‌شتیان ده‌كرد، قوتابییه‌كان له‌نێو خۆیاندا مشتومڕی ئه‌وه‌یان بوو كێ‌ له‌و حكومه‌ته‌دا به‌رزترین پله‌ وه‌رده‌گرێت. بۆیه‌ مه‌سیح به‌ قوتابییه‌كانی گوت،
«ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت له‌نێوتاندا پایه‌ی به‌رز بێت، با ببێته‌ خزمه‌تكارتان… هه‌روه‌ك كوڕی مرۆڤ كه‌ نه‌هاتووه‌ تاكو خزمه‌ت بكرێت، به‌ڵكو خزمه‌ت بكات و ژیانی خۆی به‌خت بكات.» (مه‌تا ٢٠: ٢٦، ٢٨)
مه‌سیح هات بۆ سه‌ر زه‌وی بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر شه‌یتان و حكومڕانیكردن له‌ دڵی مرۆڤه‌كاندا: نه‌ك بۆ داگیركردن و زاڵبوون به‌سه‌ر پاشایه‌تییه‌ زه‌مینی و سیاسییه‌كاندا. بۆیه‌ عیسا ده‌فه‌رموێ:
«پاشایه‌تی خودا له‌ نێوتاندایه‌.» (لۆقا ١٧: ٢١)
به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی پاشا ئاسمانییه‌كه‌ حوكمڕانی له‌ دڵی مرۆڤه‌كاندا بكات (پاشان له‌ ته‌واوی جیهان)، ده‌بێت یه‌كه‌م جار باجی گوناهی جیهان بدات و زاڵبوون به‌سه‌ر مردندا جێبه‌جێ‌ بكات.
ئه‌مه‌ بوو ئه‌ركی عیسا له‌سه‌ر زه‌وی.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

قوتابییەكانی دەیانویست مەسیح لەسەر زەوی چی بكات؟ ئەی مەسیح هاتبووه سەر زەوی هەتا چی بكات؟