پەردەی شەست و چوارەم: پاشاکە ده‌نێژرێت‌

KoG 64-ROCKintl.orgعیسای ناسیره‌یی مرد. بۆ دڵنیابوون، سه‌ربازێكی ڕۆم ڕمێكی له‌ كه‌له‌كه‌ی چه‌قاند. له‌ شوێنی ڕمه‌كه‌وه‌، خوێن و ئاو فیچقه‌ی كرد.
له‌گه‌ڵ مردنی مه‌سیح هیوای قوتابییه‌كانیشی بڕا. چونكه‌ وا بیریان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ عیسا بۆ له‌ناوبردنی ئیمپراتۆریه‌تی ڕۆم و چه‌سپاندنی پاشایه‌تییه‌كه‌ی له‌سه‌ر زه‌وی هاتبوو. قوتابییه‌كانی هێشتا له‌و به‌ڵێنه‌ی عیسا نه‌گه‌یشتبوون كه‌ فه‌رمووبووی له‌ ڕۆژی سێیه‌مدا له‌ مردن هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌.
نه‌ریتی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ وابوو، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌خاچ ده‌دران لاشه‌كانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار فڕێده‌درا یان ده‌خرانه‌ گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌. به‌ڵام بۆ عیسا جیاواز بوو. حه‌وت سه‌د ساڵ پێش ئه‌م ڕووداوه‌، ئیشایای پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووبووی،
«گۆڕی له‌گه‌ڵ به‌دكاران دانرا، دوای مردنی له‌ گۆڕی ده‌وڵه‌مه‌ندێك نێژرا.» (ئیشایا ٥٣: ٩)
خودا ویستی كوڕەكه‌ی به‌ ڕێزه‌وه‌ له‌ گۆڕێكی شایسته‌دا بنێژرێ‌.
ده‌مه‌و ئێواره‌ پیاوێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی خه‌ڵكی ڕامه‌ هات، ناوی یوسف بوو، ئه‌و خۆی قوتابی عیسا بوو. چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای ته‌رمه‌كه‌ی عیسای لێكرد، ئینجا پیلاتۆس فه‌رمانی دا بیدرێتێ.(مه‌تا ٢٧: ٥٧-٥٨)
پێش مردنی عیسا، یوسفی خه‌ڵكی ڕامه‌ و نیقۆدیمۆسی هاوڕێی هه‌ردووكیان به‌ نهێنی شوێنكه‌وته‌ی عیسای مه‌سیح بوون، چونكه‌ له‌ پێشه‌وایانی ئايینی جوله‌كه‌ ده‌ترسان. پاش ئه‌وه‌ی بینییان عیسا له‌سه‌ر خاچ ئازاری چێشت، چیتر نه‌ترسان. بۆیه‌ جه‌سته‌ی عیسایان برد و پاش شوشتن خامێكی سپییان لێی پێچایه‌وه‌ و ٣٥ کیلۆ موریان لێدا. هه‌مان ئه‌و بۆنه‌ خۆشه‌ بوو كه‌ مۆغه‌كان له‌ كاتی له‌دایكبوونی پێشكه‌شی عیسایان كرد. ئینجا ته‌رمه‌كه‌یان خسته‌ ناو ئه‌و گۆڕەی یوسفی خه‌ڵكی ڕامه‌ بۆ خۆی ئاماده‌ی كردبوو. ئینجا به‌رده‌می گۆڕەكه‌یان به‌ به‌ردێكی گه‌وره‌ گرت و شوێنه‌كه‌یان به‌جێهێشت.
ناشتنێكی شاهانه‌ بوو.
بۆ به‌یانی پێشه‌وایانی ئايینی جوله‌كه‌ چوونه‌ لای پیلاتۆس.
گوتیان: «گه‌وره‌م، هاته‌وه‌ بیرمان ئه‌و چه‌واشه‌كاره‌ كاتێك زیندوو بوو گوتی: “دوای سێ ڕۆژ هه‌ڵده‌ستمه‌وه‌.” جا فه‌رمان بده‌ هه‌تا ڕۆژی سێیه‌م گۆڕەكه‌ی پاس بكرێت، نه‌وه‌ك قوتابییه‌كانی بێن و بیدزن، ئه‌وسا به‌ گه‌ل بڵێن له‌نێوان مردووان هه‌ستاوه‌ته‌وه‌. جا چه‌واشه‌ی دوایی له‌وه‌ی یه‌كه‌م خراپتر ده‌بێت.»
پیلاتۆسیش گوتی: «پاسه‌وانتان هه‌یه‌، بڕۆن چۆنتان پێ باشه‌ وا پاسی بكه‌ن.» ئه‌وانیش چوون گۆڕەكه‌یان پاس كرد، مۆریان له‌ به‌رده‌كه‌ دا و پاسه‌وانیان دانا. (مه‌تا ٢٧: ٦٣-٦٦)
له‌و كاته‌دا، جه‌سته‌ی عیسا چی به‌سه‌رده‌هات؟
هیچ.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

ئایا قوتابییەكان ئەو بەڵێنەی عیسایان لەبیر مابوو كە فەرمووبووی ”دووبارە زیندوو دەبمەوە”؟
ئایا پێشەوا خراپەكارە ئایینیەكانی جولەكە بەڵێنەكەی عیسایان لەبیربوو سەبارەت بە هەڵستانەوەی لە مردن؟