پەردەی چل و یەكەم: چیرۆکی شوانه‌كان‌

KoG 41-ROCKintl.orgئایا خودا یه‌كه‌م جار هاتنی مه‌سیحی بۆ كێ‌ ئاشكرا كرد؟ ئایا بۆ ئیمپراتۆر؟ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند و خه‌ڵكانی به‌ناوبانگ؟ یان بۆ سه‌ركرده‌ ئايینییه‌كان؟
نه‌خێر.
چه‌ند شوانێكی هه‌ژاربوون یه‌كه‌م جار ئه‌م هه‌واڵه‌ مه‌زنه‌یان بیست. ئه‌و پیاوانه‌ی مه‌ڕیان ده‌له‌وه‌ڕاند و گه‌وره‌یان ده‌كردن تاكو له‌ قوربانگاكانی ئۆرشه‌لیمدا بكرێنه‌ قوربانی.
له‌و ناوچه‌یه‌ شوان هه‌بوون له‌ ده‌شت ده‌مانه‌وه‌ و شه‌وان ئێشكیان له‌ مێگه‌له‌كه‌یان ده‌گرت. فریشته‌یه‌كی یه‌زدان بۆیان ده‌ركه‌وت و شكۆی یه‌زدان له‌ ده‌وریان دره‌وشایه‌وه‌، به‌مه‌ ترسێكی زۆریان لێ نیشت.
فریشته‌كه‌ پێی گوتن: «مه‌ترسن، ئه‌وا مژده‌ی خۆشییه‌كی گه‌وره‌تان ده‌ده‌مێ كه‌ بۆ هه‌موو گه‌له‌. ئه‌مڕۆ له‌ شاری داود ڕزگاركه‌رێكتان بۆ له‌دایك بوو، ئه‌ویش مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆمانه‌*. ‏ئه‌مه‌ش‏ نیشانه‌یه‌ بۆتان،‏ مه‌لۆتكه‌یه‌ك ده‌بینن له‌ناو ئاخوڕێكدا دانراوه‌.»
له‌ناكاو له‌گه‌ڵ فریشته‌كه‌ له‌شكرێكی گه‌وره‌ی ئاسمانی ده‌ركه‌وت و ستایشی خودایان ده‌كرد و ده‌یانگوت: «شكۆ بۆ خودا له‌ ئاسمان، له‌سه‌ر زه‌ویش ئاشتی بۆ ئه‌وانه‌ی جێی ڕە‌زامه‌ندی ئه‌ون.» كاتێك فریشته‌كان به‌ره‌و ئاسمان به‌جێیان هێشتن، شوانه‌كان به‌ یه‌كتریان گوت: «ده‌ی با بڕۆینه‌ بێت‌له‌حم و ئه‌م شته‌ی ڕوویداوه‌ بیبینین كه‌ یه‌زدان پێی ڕاگه‌یاندین.» خێرا هاتن و مریه‌م و یوسف و ئه‌و مه‌لۆتكه‌یه‌ی له‌ ئاخوڕە‌كه‌دا دانرابوو دۆزییانه‌وه‌. كاتێك بینییان، ئه‌و قسه‌یه‌یان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌م منداڵه‌ پێیان گوترابوو. هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان لێبوو، سه‌ریان سوڕمابوو له‌وه‌ی شوانه‌كان پێیان ده‌گوتن. (لۆقا ٢: ٨-١٨)
ئای له‌و چیڕۆكه‌ مه‌زنه‌ كه‌ شوانه‌كان ده‌بێت بۆ خه‌ڵكی بگێڕنه‌وه‌!
ڕزگاركه‌ره‌كه‌ له‌دایك بوو! به‌چاوی خۆمان بینیمان! ده‌ستمان لێدا! فریشته‌یه‌ك هات بۆ لامان بۆ ڕاگه‌یاندنی هه‌واڵه‌كه‌. ئه‌و مه‌سیحی په‌روه‌ردگاره‌! كۆمه‌ڵه‌ی فریشته‌كان ئاسمانیان پڕكرد! شه‌وه‌كه‌ وه‌ك ڕۆژ ڕووناك بۆوه‌! مه‌سیح هاته‌ سه‌ر زه‌وی! ئه‌و له‌دایكبوو! ئه‌و له‌دایكبوو!
هه‌ندێك خه‌ڵك باوه‌ڕیان به‌ قسه‌ی شوانه‌كان كرد. به‌ڵام، زۆرێكیش باوه‌ڕیان پێ نه‌كردن.
خه‌ڵكه‌كه‌ باوه‌ڕ بكه‌ن یان نا، ئه‌و پاشایه‌ی به‌ له‌دایكبوونه‌كه‌ی مێژووی كرده‌ دوو به‌ش، هاته‌ ناو مرۆڤایه‌تییه‌وه‌.
له‌ دوای هه‌شته‌مین ڕۆژ كاتی خه‌ته‌نه‌كردنی منداڵه‌كه‌ هات، هه‌ر ئه‌و كاته‌ش ناوی لێنرا عیسا، به‌و شێوه‌یه‌ی فریشته‌كه‌ ناوی لێنا، پێش ئه‌وه‌ی مریه‌م سكی پڕبێت. (لۆقا ٢: ٢١)



 بڕۆ سەرەتا



دوا تێبینی

“مەسیح” وشەیەكی عیربیه به واتای هەڵبژێردراو.


پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

فریشتەكە بە شوانەكانی گوت، «ڕزگاركەرێك بۆتان لەدایكبووە، ئەو مەسیحی پەروەردگارە.»

بۆچی شوانەكان بە بیستنی ئەم هەواڵه هاتنە جۆشوخرۆش؟