پەردەی سی و نۆیەم: چیرۆکی یوسف

KoG 39-ROCKintl.orgمریه‌م ده‌ستگیرانی یوسف بوو. یوسف كابرایه‌كی دارتاش بوو له‌ شاری ناسیره‌.
مریه‌م و یوسف هه‌ردووكیان جوله‌كه‌ بوون، له‌ نه‌وه‌ی داود و ئیبراهیم بوون. ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه‌یان له‌ ژێر داگیركاری ئیمپراتوریه‌تی ڕۆم نه‌بووایه‌، پێده‌چوو یوسف وه‌ك شازاده‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرابایه‌. سه‌ربازانی ڕۆم شه‌قام به‌ شه‌قام ده‌گه‌ڕان، هه‌ر جوله‌كه‌یه‌ك گومانی ناپاكی لێبكرابایه‌ قۆڵبه‌ستیان ده‌كرد و له‌ خاچیان ده‌دا. باجگره‌كان خه‌ریكی سه‌رانه‌ سه‌ندن بوون له‌ خه‌ڵكی. ژیان زۆر قورس و تاڵ بوو.
به‌ڵام یوسف زۆر دڵخۆش بوو، چونكه‌ له‌ سه‌روبه‌ندی پێكه‌وه‌نانی خێزان بوو له‌گه‌ڵ مریه‌می ده‌ستگیرانی. ئیشی زۆری ده‌كرد هه‌تا به‌ پاره‌كه‌ی شوێنێك بۆ خۆی و خێزانه‌كه‌ی دوای زه‌ماوه‌ندی هاوسه‌رگیریان دابین بكات. ڕۆژێكیان یوسف هه‌واڵێكی دڵته‌زێنی بیست كه‌ مریه‌م سكی هه‌یه‌.
ئایا به‌ بیستنی ئه‌م هه‌واڵه‌ یوسف هه‌ستی به‌ چی كرد؟ وا دیار بوو مریه‌م ناپاکی کردبوو.
یوسف دڵی شكا. به‌ڵام هه‌وڵیدا به‌شێوه‌یه‌كی دانایانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا بكات. یوسف بڕیاری دا به‌نهێنی ده‌ستگیراندارییه‌كه‌یان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، چونكه‌ نه‌یده‌ویست له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی مریه‌م ڕسوا بكات.
كاتێك بیری له‌م شتانه‌ ده‌كرده‌وه‌، فریشته‌یه‌كی یه‌زدان هاته‌ خه‌ونی و پێی فه‌رموو: «ئه‌ی یوسفی نه‌وه‌ی داود، مه‌ترسه‌ مریه‌م بهێنیت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و سكی پێی هه‌یه‌ له‌ ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌یه‌. كوڕێكی ده‌بێت ناوی ده‌نێیت عیسا، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ گوناهه‌كانیان ڕزگار ده‌كات.»
ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا، هه‌تا ئه‌وه‌ی یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ فه‌رموویه‌تی بێته‌ دی: ﴿ئه‌وه‌تا پاكیزه‌یه‌ك سكی ده‌بێت و كوڕێكی ده‌بێت، ناوی لێ ده‌نێن ئیمانوێل.﴾ واته‌: خودا له‌گه‌ڵمانه‌. (مه‌تا ١: ٢٠-٢٣)
خه‌م و دڵشكاوییه‌كه‌ی یوسف بووه‌ خۆشی. چ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌! مریه‌م ده‌بێته‌ دایكی مه‌سیحی به‌ڵێن پێدراو، هه‌روه‌ها یوسف خۆشی ده‌بێته‌ چاودێری منداڵه‌كه‌.
مه‌سیحی پیرۆز دایكێكی مرۆڤی ده‌بێت، به‌ڵام باوكی مرۆڤی نابێت. به‌ عیسا بانگ ده‌كرێت واته‌ “ڕزگاركه‌ر” یان “یه‌زدان ڕزگار ده‌كات.”
كاتێك یوسف له‌ خه‌و هه‌ستا، ئه‌وه‌ی فریشته‌كه‌ی یه‌زدان فه‌رمانی پێدابوو ئه‌نجامی دا و ژنه‌كه‌ی گواسته‌وه‌. به‌ڵام هه‌تا كوڕە‌كه‌ی نه‌بوو له‌گه‌ڵی جووت نه‌بوو، ئینجا ناوی لێنا عیسا. (مه‌تا ١: ٢٤-٢٥)
ده‌ستی خودا له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م ڕووداوانه‌دا بوو.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

مانای ناوی عیسا چییە؟