پەردەی چل و حەوتەم: مەسیحی پاشا

KoG 47-ROCKintl.orgپاش هه‌وڵه‌ بێ ئه‌نجامه‌كه‌ی شه‌یتان بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سیح گوناه بكات، عیسا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناسیره‌، ئه‌و شوێنه‌ی كاری دارتاشی تێدا كرد و تێیدا گه‌وره‌ بوو.
وه‌ك نه‌ریتی خۆی ڕۆژی شه‌ممه‌ چووه‌ كه‌نیشت… (لۆقا ٤: ١٦)
كه‌نیشت خانه‌ی خوداپه‌رستی جوله‌كه‌ بوو، ئه‌و شوێنه‌ی په‌رستنی خودای تێدا ده‌كرا و هه‌موو ڕۆژانی شه‌ممه‌یه‌ك وشه‌كانی كتێبی پیرۆزی تێدا ده‌خوێنرایه‌وه‌. جا له‌و ڕۆژی شه‌ممه‌یه‌دا، عیسا بانگه‌وازێكی تایبه‌تی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌بوو.
عیسا بۆ خوێندنه‌وه‌ ڕاوه‌ستا.
په‌ڕتووكی ئیشایا پێغه‌مبه‌ریان دایێ و كردیه‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی دۆزییه‌وه‌ كه‌ تێیدا نووسراوه‌:
«ڕۆحی یه‌زدان به‌هێزم ده‌كات، چونكه‌ ده‌ستنیشانی كردووم بۆ مژده‌دان به‌ هه‌ژاران، منی ناردووه‌ بۆ جاڕدانی ئازادی به‌دیلگیراون، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی بینایی بۆ كوێران، بۆ ئازادكردنی سته‌ملێكراوان…» (لۆقا ٤: ١٧-١٨)
عیسا ئه‌و به‌شه‌ی كتێبی پیرۆزی خوێنده‌وه‌ كه‌ پێشبینی هاتنی مه‌سیحی پاشا بۆ سه‌ر زه‌وی ده‌كات تاكو به‌ جیهانی نیشان بدات په‌روه‌ردگار كێیه‌ و چۆن گوناهباران ڕزگار ده‌كات له‌ ژێر ده‌ستی شه‌یتان و گوناه و مردن.
ئینجا نووسراوه‌ پیرۆزه‌كه‌ی پێچایه‌وه‌، دایه‌وه‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ و دانیشت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نیشت بوون چاویان تێبڕی بوو. ده‌ستی كرد به‌ قسه‌كردن و گوتی: «ئه‌مڕۆ ئه‌م نووسراوه‌ پیرۆزه‌ی گوێتان لێبوو هاته‌ دی.» (لۆقا ٤: ٢٠-٢١)
ئایا كاردانه‌وه‌ی دراوسێ‌ و نزیكه‌كانی عیسا چۆن بوو، كاتێك بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد ئه‌و مه‌سیحه‌ و له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاتووه‌، هه‌مان ئه‌و كه‌سه‌یه‌ پێغه‌مبه‌ران پێشبینی هاتنیان كردووه‌؟
هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌نیشته‌كه‌ بوون، كاتێك ئه‌مه‌یان بیست لێی تووڕە‌ بوون. ده‌ریانكرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شار، بردییانه‌ سه‌ر لێواری ئه‌و چیایه‌ی شاره‌كه‌یانی له‌سه‌ر بنیاد نرابوو، تاكو فڕێیبده‌نه‌ خواره‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و به‌ ناویاندا تێپه‌ڕی و ڕۆیشت. (لۆقا ٤: ٢٨-٣٠)
به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاده‌م كه‌ گوناهه‌كه‌ی مردن و نه‌هامه‌تی بۆ نه‌وه‌كانی هێنا، عیسای مه‌سیح ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوو. مه‌سیحی پاشا ده‌ست نیشان كراوی خودایه‌* و خودا پارێزگاری ته‌واوی لێ ده‌كات. هیچ كه‌س ناتوانێت ده‌ستی لێبدات ئه‌گه‌ر خواستی خودای له‌سه‌ر نه‌بێت.
به‌ڵام، عیسا كار له‌ دڵه‌كانیان ده‌كات.



 بڕۆ سەرەتا



دوا تێبینی

مەسیح واته ”هەڵبژێردراو“ یان ”چەوركراو“. له كۆندا، له كاتی ڕێوڕەسمی تاج خستنه لەسەرنانی پاشای نوێ، كاهن یان پێغەمبەرێك ڕۆنێكی تایبەتی دەڕژاند بەسەر سەری پاشاكەدا وەك نیشانەیەك بۆ دیاریكردنی ئەو كەسه وەك پاشای نوێ. عیسای مەسیح لەالیەن ڕۆحی پیرۆزەوه چەور كرا، نەك لەلایەن مرۆڤەوه. تەماشای پەردەی چل و پێنجەم بكه.


پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

پاش ئەوەی عیسا چەند ئایەتێكی لە پەڕتووكی ئیشایا بۆ خەڵكەكە خوێندەوە، كاتێك فەرمووی:
«ئەمڕۆ وشەكانی كتێبی پیرۆز ئەوەی ئێوە بیستتان هاتنەدی!» بۆچی ئەم ڕستەیە خەڵكەكەی تووڕە كرد؟