پـەردەی دووەم: پاشا و پـێـغەمـبـه‌رانـی‌

KoG 2-ROCKintl.org.jpgبۆ شاره‌زابوون له‌ پاشا و پلانه‌ مه‌زنه‌كه‌ی
پێویسته‌ كتێبه‌كه‌ی بناسی.
به‌ درێژایی ١٥٠٠ ساڵ، پاشا نزیكه‌ی ٤٠ كه‌سی هه‌ڵبژارد بۆ تۆماركردنی چیڕۆك و په‌یامه‌كانی ئه‌م په‌ڕتووكه‌. ئه‌م هه‌ڵبژێردراوانه‌ به‌ پێغه‌مبه‌ر ناوده‌بران. پاشاكه‌ فه‌رمایشته‌كانی خۆی پێده‌دان. پێغه‌مبه‌رانیش له‌سه‌ر كاغه‌ز و پێستی ئاژەڵ فه‌رمایشته‌كانی پاشایان تۆمار ده‌كرد. ئه‌م نووسراوانه‌ پارێزران و ده‌ستاو ده‌ستیان پێ ده‌كرا بۆ نه‌وه‌كانی دوای خۆیان. هه‌رچه‌نده‌، زۆرێك له‌ پێغه‌مبه‌ران یه‌كتریان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام نووسراوه‌كانیان ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خودا به‌ شێوازێكی دروست بگاته‌ ده‌ست مرۆڤه‌كان.
نووسراوی پێغه‌مبه‌ران به‌ (كتێبی پیرۆز) ناوده‌برێن. به‌بێ‌ بوونی كتێبی پیرۆز، مرۆڤ ناتوانێت بزانێ له‌ كوێوه‌ هاتووه‌ و پاش مردن ده‌چێته‌ كوێ‌، هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له‌ بوونی چییه‌ له‌سه‌ر ئه‌م زه‌ویه‌. بۆ دڵنیابوون له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌، پێویستمان به‌ كتێبی پاشاكه‌ ده‌بێت.
نزیكه‌ی ٣٥٠٠ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پاشا له‌سه‌ر زاری پێغه‌مبه‌رێكه‌وه‌ به‌ ناوی موسا فه‌رمووی:
مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌می یه‌زدانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌. (دواوتار ٨: ٣)
هه‌موو وشه‌كانی پاشا له‌ یه‌ك په‌ڕتووكدا كۆكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش كتێبی پیرۆزه‌. پیرۆز واته‌ پاك و بێگه‌رد و دوور له‌ هه‌موو هه‌ڵه‌یه‌ك. ئه‌مڕۆ ئه‌و كتێبه‌ی له‌ جیهاندا زۆرترین وه‌رگێڕانی بۆ كرابێت و زۆرترین داخوازی له‌سه‌ر بێت كتێبی پیرۆزه‌. به‌ هه‌زاره‌ها له‌ پارچه‌ نووسراوه‌ كۆنه‌كانی كتێبی پیرۆز كه‌ له‌سه‌ر پێستی ئاژەڵ نووسراونه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵگیراون شایه‌تی ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ چه‌نده‌ به‌ باشی ئه‌م نووسراوانه‌ پارێزگاریان لێ كراوه‌.
كتێبی پیرۆز ده‌كرێته‌ دوو به‌شی سه‌ره‌كی.
به‌شی یه‌كه‌م، په‌یمانی كۆن (ته‌ورات، زه‌بوور…هتد)
له‌ په‌یمانی كۆندا، پاشا پێشبینی جێبه‌جێكردنی پلانه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ده‌كات له‌ داهاتوودا.
به‌شی دووه‌م، په‌یمانی نوێ‌ (موژده‌، كرداری نێردراوان… هتد)
له‌ په‌یمانی نوێدا، پاشا پلانه‌كه‌ی جێبه‌جێ‌ ده‌كات.
په‌یمان واته‌ به‌ڵێن، گرێبه‌ست، ڕێكه‌وتن. له‌ په‌یمانی كۆندا خودا باس له‌و پلانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ داهاتوودا جێبه‌جێی بكات. په‌یمانی نوێ‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ی خودای تێدا تۆمار كراوه‌. نووسینه‌وه‌ی مێژوو پێش ڕوودانی ته‌نها له‌ توانای خودایه‌.
جیاوازی نێوان په‌یمانی كۆن و په‌یمانی نوێ‌ وه‌ك نموونه‌ی پاشایه‌كی مه‌زنه‌ كه‌ له‌ دووره‌وه‌ نامه‌ و وێنه‌ بنێرێ‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی- دواتر ئه‌م پاشایه‌ خۆی سه‌ردانیان بكات.
یه‌كه‌م جار كتێبی پیرۆز هاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاشان ئه‌فریقیا، ئاسیا، ئه‌وروپا، ئه‌مریكا و شوێنه‌كانی دیكه‌. پێغه‌مبه‌ران هه‌موویان خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوون، به‌ڵام په‌یامه‌كانیان به‌بێ‌ جیاوازی بۆ هه‌موو گه‌لانی سه‌ر زه‌وی بوو، بۆ هه‌موو خێزانه‌كان و … بۆ تۆش.


raberduu (1)

پەردەی پێشتر

dahatuu (3)

پەردەی پاشتر