پەردەی شەستەم: پاشا تەرجی لەسەر ده‌نرێت‌

KoG 60-ROCKintl.orgبه‌پێی یاسای ڕۆم، پیلاتۆس قورسترین سزای به‌سه‌ر عیسادا سه‌پاند: ئه‌شكه‌نجه‌دانێكی زۆر و له‌ دوای ئه‌وه‌ش له‌خاچدان. ئه‌شكه‌نجه‌دانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بریتی بوو له‌ لێدان به‌ قامچییه‌ك كه‌ ته‌لی دڕكاوی له‌سه‌ر بوو.
حه‌وت سه‌د ساڵ به‌ر له‌م ڕووداوه‌ خودا له‌سه‌ر زاری ئیشایای پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ فه‌رموویه‌تی:
«پشتم ڕاگرت بۆ ئه‌وه‌ی لێی بده‌ن، ڕوومه‌تیشم بۆ ئه‌وه‌ی ڕیشم بڕننه‌وه‌. ڕووی خۆمم دانه‌پۆشی له‌گاڵته‌ پێكردن و تف لێكردن. » (ئیشایا ٥٠: ٦)
كتێبی پیرۆز به‌م شێوه‌یه‌ باس له‌ ڕووداوی دوای ئه‌شكه‌نجه‌دانی عیسامان بۆ ده‌كات:
سه‌ربازه‌كانی فه‌رمانڕە‌وا عیسایان بۆ كۆشكی فه‌رمانڕە‌وا برد و ته‌واوی سه‌ربازه‌كان له‌ ده‌وری كۆبوونه‌وه‌. ڕووتیان كرده‌وه‌ و كه‌وایه‌كی سووریان دایێ. هه‌روه‌ها تاجێكی دڕكیان هۆنییه‌وه‌ و له‌ سه‌ریان كرد، قامیشێكیان دایه‌ ده‌ستی ڕاستی، له‌به‌رده‌می چۆكیان دادا و گاڵته‌یان پێ كرد و ده‌یانگوت: «سڵاو ئه‌ی پاشای جوله‌كه‌!» تفیان لێكرد، قامیشه‌كه‌یان برد و به‌ سه‌ریاندا كێشا. (مه‌تا ٢٧: ٢٧-٣٠)
سه‌ربازه‌كان نه‌زان بوون له‌ مانای ئه‌و تاجه‌ دڕكینه‌ی له‌سه‌ری عیسایان نابوو. دڕك به‌شێك بوو له‌و نه‌فره‌ته‌ی كه‌ به‌هۆی گوناهی ئاده‌مه‌وه‌ هاتبووه‌ سه‌ر زه‌وی. پاشای شكۆمه‌ندی و پیرۆزی هاتبوو تاكو نه‌فره‌تی گوناه له‌سه‌رمان لاببات.
دوای ئه‌وه‌ی گاڵته‌یان پێكرد، كه‌واكه‌یان له‌به‌ر داكه‌ند و كراسه‌كه‌ی خۆیان له‌به‌ركرده‌وه‌، بردییان تاوه‌كو له‌ خاچی بده‌ن. (مه‌تا ٢٧: ٣١)
له‌و ڕۆژەدا، دوو تاوانباری دیكه‌ له‌گه‌ڵ عیسادا بۆ له‌خاچدان بران. به‌پێی نه‌ریتی ئه‌و كاته‌ ده‌بووایه‌ تاوانبار هه‌تا شوێنی له‌خاچدان خاچه‌كه‌ی خۆی به‌ كۆڵ هه‌ڵبگرتبایه‌.
له‌ نیوه‌ی ڕێگه‌، سه‌ربازانی ڕۆم زۆریان له‌ پیاوێكی خه‌ڵكی باكوری ئه‌فریقیا كرد تاكو خاچه‌كه‌ی عیسا هه‌ڵبگرێت بۆ شوێنی له‌خاچدان. ئینجا به‌رده‌وام بوون له‌ ڕۆیشتن به‌ناو شه‌قامه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دیواری ئۆرشه‌لیم، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر گردێكدا كه‌ ناوده‌برێت به‌ گولگۆسا، له‌ به‌شی باكوری چیای مۆریا، ئه‌و چیایه‌ی نزیكه‌ی ١٩٠٠ ساڵ به‌ر له‌م ڕووداوه‌، ئیبراهیمی پێغه‌مبه‌ر گوتبووی،
«خودا بۆ خۆی به‌رخێك بۆ قوربانی سووتاندنه‌كه‌ دابین ده‌كات، كوڕم.» (په‌یدابوون ٢٢: ٨)
كاتی ئه‌وه‌ هاتبوو كه‌ ئه‌و به‌رخه‌ بمرێ‌.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

سەربازانی ڕۆم تاجێكی دڕكینیان لە سەری مەسیح نا. دڕكەكانی تاجەكە چیامن وەبیر دێنێتەوە؟