پەردەی سی و هەشتەم‌: ‌‌‌چیڕۆكی مریەم

KoG 38-ROCKintl.orgدوای هه‌زاران ساڵ له‌ ئاماده‌كاری، كاتی له‌دایك بوونی ڕزگاركه‌ره‌كه‌ هاتبوو. یه‌زدان له‌ سه‌روبه‌ندی ناردنی مه‌سیحی پاشای ڕزگاركه‌ردا بوو. به‌ڵام ئایا ئه‌م ڕزگاركه‌ره‌ كێ‌ ده‌بێت و چۆن چۆنی دێت؟
له‌و سه‌رده‌مه‌ی هێرۆدسی باوك پاشای یه‌هودیا بوو،… خودا جبرائیلی فریشته‌ی نارد بۆ شارێك له‌ ناوچه‌ی جه‌لیل كه‌ ناوی ناسیره‌ بوو، بۆ لای پاكیزه‌یه‌كی ماره‌بڕاو له‌ پیاوێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی داود كه‌ ناوی یوسف بوو، ناوی پاكیزه‌كه‌ش مریه‌م بوو.
فریشته‌كه‌ پێی گوت: «مه‌ترسه‌ مریه‌م، چونكه‌ له‌لای خودا ڕە‌زامه‌ندیت به‌ده‌ستهێنا. ئه‌وه‌تا سكت ده‌بێت و كوڕێكت ده‌بێت ناوی لێ ده‌نێیت عیسا. پایه‌ به‌رز ده‌بێت و به‌ كوڕی خودای هه‌ره‌به‌رز ناوده‌برێت، خودای په‌روه‌ردگاریش ته‌ختی داودی باوكی پێده‌داته‌وه‌. هه‌تاهه‌تایه‌ حوكمڕانی … ده‌كات، شانشینه‌كه‌شی كۆتایی نایه‌ت.)
به‌ڵام مریه‌م به‌ فریشته‌كه‌ی گوت: (ئه‌مه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌ من هێشتا پاكیزه‌م؟)
فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ڕۆحی پیرۆز دێته‌ سه‌رت و هێزی خودای هه‌ره‌به‌رز ده‌بێته‌ سایه‌ی سه‌رت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و پیرۆزه‌ی لێت ده‌بێت به‌ كوڕی خودا ناوده‌بردرێت.) (لۆقا ١: ٥، ٢٦-٢٧، ٣٠-٣٥)
ئایا بۆچی جبرائیلی فریشته‌ عیسا به‌ “كوڕی خودا” ناو ده‌بات؟
هه‌ندێك خه‌ڵك به‌ هه‌ڵه‌ ئه‌م ده‌سته‌واژەیه‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌، وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌ خودا ژنی هێنابێت و بووبێت به‌ باوكی كوڕێك. ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌. به‌ڵكو بیر له‌م نموونه‌یه‌ بكه‌وه‌: ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی كوردستان بیت، ڕەنگه‌ هه‌ندێك خه‌ڵك به‌ “كوڕی كوردستان” بانگت بكه‌ن. ئایا ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كوردستان ژنی هێنابێت و منداڵێكی بووبێت؟ بێگومان نه‌خێر! مانای ئه‌وه‌یه‌ تۆ خه‌ڵكی كوردستانی.
مه‌سیح به‌ كوڕی خودا ناوبرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ خوداوه‌ بوو. ئه‌م مرۆڤه‌ بێگوناهه‌ هاته‌ نێو خێزانه‌ گوناهباره‌كه‌ی ئاده‌مه‌وه‌، له‌ بنه‌ڕەته‌وه‌ مه‌سیح له‌م خێزانه‌ نه‌بوو. مه‌سیح وشه‌ و ڕۆح و كوڕی خودایه‌.
له‌ سه‌ره‌تادا وشه‌كه‌ هه‌بوو، وشه‌كه‌ له‌لای ‏خودا ‏بوو، وشه‌كه‌ خۆی خودا ‏بوو. ئه‌و‏ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌‏لای ‏خودا ‏بوو. هه‌موو ‏شتێك به‌و به‌دیهاتووه‌، ‏بێ‌ ‏ئه‌و ‏هیچ ‏شتێك‏ به‌دی نه‌هاتووه‌ له‌وانه‌ی كه‌ به‌دیهاتوون… وشه‌كه‌ش ‏بوو به‌ مرۆڤ و له‌‏نێوماندا نیشته‌جێ‌ بوو. ‏شكۆی ‏ئه‌ومان بینی، وه‌ك ‏شكۆی ‏تاقانه‌یه‌ك له‌ ‏باوكه‌وه‌، پڕ‏ له‌ نیعمه‌ت ‏و ‏ڕاستی. (یۆحه‌نا ١: ١-٣، ١٤)
ئه‌و ڕۆژەی ئاده‌م له‌ به‌ری دره‌خته‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كه‌ی خوارد، ئه‌و به‌ڵێنه‌تان له‌بیره‌ كه‌ خودا ڕایگه‌یاند؟ به‌ڵێنه‌كه‌ ئه‌مه‌ بوو، خودا فه‌رمووی نه‌وه‌ی ژن سه‌ری ماره‌كه‌ پانده‌كاته‌وه‌.
ئه‌و ڕزگاركه‌ره‌ی خودا به‌ڵێنی هاتنی دا، ئێستا له‌ سكی كچێكی پاكیزه‌دایه‌.
چۆن ئه‌م ڕزگاركه‌ره‌ سه‌ری ماره‌كه‌ پانده‌كاته‌وه‌، چاوه‌ڕێ‌ ده‌كه‌ین هه‌تا كاتی خۆی دێت.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

بۆچی جربائیلی فریشتە عیسای بە كوڕی خودا بانگ دەكرد؟