پەردەی چل و هەشتەم: زاڵبوون بەسەر ڕۆحە پیسەكان و نەخۆشیدا

KoG 48-ROCKintl.org

لە پەڕتووکی پێغەمبەرانی پێش خۆیدا، یەکێک لە ناوەکانی مەسیح بریتییە لە «بازووی یەزدان» یاخود «دەستی یەزدان»(ئێشایا ٥٣: ١). مەسیح بە کارە پەرجووەکانی دەریخست ئەو دەستی خودایە لەسەر زەوی. عیسا تەنها بە دەستلێدان و بە وشە نەخۆشەکانی چاکدەکردەوە.

«ئه‌وه‌ بوو خه‌ڵكێكی زۆر هاتنه‌ لای، شه‌ل و كوێر و گۆج و لاڵ و زۆری دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ بوو، له‌به‌رپێی دایاننان، ئه‌ویش چاكیكردنه‌وه‌.»(مەتا ١٥: ٣٠)

وشەی پێغەمبەران هاتنەدی.

«کوێر دەبینن، شەل دەڕوات، گەڕوگول پاک دەبێتەوە، کەڕ دەبیستێت، مردوو هەڵدەستێتەوە و هەژار مزگێنی پێدەدرێت.»(مەتا ١١: ٥،  ئیشایا ٣٥: ٤-٦، ٦١: ١)

هیچ نەخۆشییەک نەبوو کە عیسا نەتوانێت چاکی بکاتەوە.

پیاوێكی گول هاته‌ لای عیسا و لێی پاڕایه‌وه‌، چۆكی دادا و پێی گوت: «ئه‌گه‌ر بته‌وێت، ده‌توانیت پاكم بكه‌یته‌وه‌. عیسا دڵی پێی سووتا و ده‌ستی بۆ درێژكرد و ده‌ستی لێدا و پێی فه‌رموو: «ده‌مه‌وێت. پاك به‌ره‌وه‌! ده‌ستبه‌جێ گولییه‌كه‌ی لێبووه‌وه‌ و پاك بووه‌وه‌. (مه‌رقۆس ١: ٤٠-٤٧)

كاتی ڕۆژئاوابوون، هه‌موو نه‌خۆشه‌كانیان هێنایه‌ لای عیسا، به‌ نه‌خۆشی جۆراوجۆره‌وه‌، ئه‌ویش ده‌ستی له‌سه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان دانا و چاكیكردنه‌وه‌. ڕۆحی پیسی له‌ زۆریان ده‌ركرد، ڕۆحه‌كان هاواریان ده‌كرد: «تۆ كوڕی خودای!» ئه‌ویش لێی ڕاده‌خوڕین و نه‌یده‌هێشت بدوێن، چونكه‌ ده‌یانزانی مه‌سیحه‌كه‌یه‌. (لۆقا ٤: ٤٠-٤١)

عیسا نەیدەویست ڕۆحە پیسەکان شایەتی بۆ بدەن. ئەم فریشتە بەدکارانە هێز و دەسەڵاتی مەسیحیان بەچاوی خۆیان بینی کاتێک تەنها بە وشە زەوی و ئاسمانی هێنایە بوو. ئەم ڕۆحە پیسانە تووشی ڕاچڵەکان دەبوون کاتێک ئەو ڕۆژەیان وەبیر هاتەوە کە خودا لە پاشایەتییەکەی دەریکردن. ئێستاش دەبینن وەک مرۆڤێک لەسەر زەوی دەژی! دەیانزانی هێز و دەسەڵاتی گەورەکەیان بەرەو ڕمان دەچێ. پاشای شکۆمەندی دەسەڵاتەکەیانی داگیکردووە.

مەسیح بۆ هەر جێگەیەک دەچوو، دەسەلاتی شەیتان لەو شوێنەدا لاواز دەبوو. هەر جێگەیەک مەسیحی لێبووایە نەفرەت و گوناە لەو شوێنە هەڵدەهات.

لەگەڵ کردنی هەموو ئەو کارە پەرجووانەدا، مەسیح پەیامێکی بۆ خەڵکەکە هەبوو:

«كاته‌كه‌ هاتووه‌ته‌ دی و پاشایه‌تی خودا نزیك بووه‌ته‌وه‌. تۆبه‌ بكه‌ن، باوه‌ڕ به‌م مزگێنییه‌ بهێنن.»(مه‌رقۆس ١: ١٥)



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

چۆن عیسا دەستی خودا بوو لەسەر زەوی؟ بۆچی ڕۆحه پیسەكان لە عیسا دەترسان؟