پەردەی چل و شەشەم: مرۆڤی دووەم

KoG 46-ROCKintl.orgشه‌یتان دڵگران بوو ئه‌م مرۆڤه‌ بێ گوناه و بێ‌ كه‌موكوڕییه‌ له‌ نێو شانشینه‌كه‌یدا بژی! بۆیه‌ ده‌ستیكرد به‌ پیلانگێڕان. چۆن له‌ سه‌ره‌تادا ئاده‌می تاقیكرده‌وه‌ و تووشی گوناهی كرد، ئێستاش هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ده‌خاته‌گه‌ر تاكو ئه‌م مرۆڤه‌ فریوبدات و گوناهباری بكات.
شه‌یتان هه‌ر به‌ ئاده‌م و نه‌وه‌كانیه‌وه‌ نه‌وه‌ستا، ویستی عیساش جڵه‌وگیر بكات. چونكه‌ ئه‌گه‌ر كوڕی خودا گوناهبار بێت ئه‌وا چیتر ناتوانێت خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ گوناه ڕزگار بكات.
پاشان عیسا به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ بردرایه‌ سه‌روو بۆ چۆڵه‌وانی، تاكو له‌لایه‌ن ئیبلیسه‌وه‌ تاقیبكرێته‌وه‌. دوای چل ڕۆژ و چل شه‌و به‌ڕۆژووبوون، برسی بوو.
تاقیكه‌ره‌وه‌ لێی هاته‌ پێش، پێی گوت: (ئه‌گه‌ر تۆ كوڕی خودایت، به‌م به‌ردانه‌ بڵێ با ببن به‌ نان.) (مه‌تا ٤: ١-٣)
عیسا برسی بوو، به‌ڵام گوێڕایه‌ڵی شه‌یتان نه‌بوو. عیسا هه‌رگیز له‌ خواست و فه‌رمانی خودای باوكی یاخی نابێت. عیسا هێزه‌ خوداییه‌كه‌ی بۆ ڕازیكردنی خواستی مرۆڤانه‌ی به‌كارناهێنێت. عیسا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌یتان، به‌ یه‌كێك له‌ ئایه‌ته‌كانی ته‌وراتی موسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌:
«نووسراوه‌: ﴿مرۆڤ ته‌نها به‌ نان ناژیێت، به‌ڵكو به‌ هه‌ر وشه‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌می خوداوه‌ دێته‌ ده‌ره‌وه‌.﴾» (مه‌تا ٤: ٤، دواوتار ٨: ٣)
شه‌یتانی خۆبه‌زلزان هه‌وڵی دا جارێكی دیكه‌ عیسای پیرۆز فریو بداته‌وه‌.
دیسان ئیبلیس بۆ سه‌ر شاخێكی زۆر بڵندی برد و هه‌موو شانشینه‌كانی جیهان و شكۆی ئه‌وانی پیشان دا و پێی گوت، (هه‌موو ئه‌مانه‌ت ده‌ده‌مێ‌ ئه‌گه‌ر كڕنۆش ببه‌یت و بمپه‌رستی.) (مه‌تا ٤: ٨-٩)
كاتێك ئاده‌م گوناهی كرد، مرۆڤایه‌تی مافی حوكمكردنی به‌سه‌ر زه‌ویدا له‌ده‌ستدا. شه‌یتان ده‌ستی گرت به‌سه‌ر جیهاندا. خۆی كرد به‌ پاشای جیهان. پاشای شكۆ ئێستا هاتووه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی تاكو جارێكی دیكه‌ زه‌وی له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شه‌یتان ده‌ربهێنێ. بۆیه‌ عیسا كڕنۆش بۆ شتێك نابات كه‌ بۆ له‌ناوبردنی هاتووه‌.
ئینجا عیساش پێی فه‌رموو: (شه‌یتان لێم دوور بكه‌وه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: «كڕنۆش بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت ده‌به‌یت و ته‌نها ئه‌و ده‌په‌رستیت.») (مه‌تا ٤: ١٠)
له‌ كۆتاییدا، شه‌یتان عیسای به‌جێهێشت چونكه‌ هه‌رگیز تووشی كه‌سێك نه‌بووه‌ هیچ ئاره‌زوویه‌كی بۆ گوناهكردن نه‌بێت. عیسا جیاواز بوو له‌ ئاده‌م و نه‌وه‌كانی.
«مرۆڤی ‏یه‌كه‌م ‏له‌ خۆڵی ‏زه‌وی بوو، ‏مرۆڤی ‏دووه‌م ‏له‌ ‏ئاسمانه‌وه‌یه‌.» (یه‌كه‌م كۆرنسۆس ١٥: ٤٧)
ئاده‌م یه‌كه‌م مرۆڤی بێ كه‌موكوڕی بوو. عیسا دووه‌م مرۆڤی بێ كه‌موكوڕی بوو.
كاتێك ئاده‌م له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه‌ تاقیكرایه‌وه‌، شه‌یتان بردییه‌وه‌ و ئاده‌م دۆڕا. به‌ڵام، كاتێك شه‌یتان هه‌وڵیدا عیسا تاقیبكاته‌وه‌ و تووشی گوناهی بكات، به‌ دۆڕانی شه‌یتان و سه‌ركه‌وتنی عیسا كۆتایی هات.
یه‌كه‌م مرۆڤ، مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و پاشایه‌تی گوناه و مردن برد. مرۆڤی دووه‌م هات تاكو له‌ناو پاشایه‌تی گوناه و مردن ده‌ربازمان بكات.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

بۆچی شەیتان هەوڵی دا عیسا تووشی گوناه بكات؟