پەردری بیست و پێنجەم: دانبەخۆداگرتن و حوکمدان

KoG 25-ROCKintl.orgده‌ نه‌وه‌ دوای یه‌كه‌م گوناهی ئاده‌م، یه‌زدان شتێكی زۆر خه‌مناكی ده‌رباره‌ی مرۆڤایه‌تی فه‌رموو،
یه‌زدان بینی كه‌ خراپه‌كاری مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی زۆر بووه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو بیر و بۆچوونه‌كانی دڵیشی به‌ درێژایی ڕۆژ ته‌نها له‌لای خراپه‌یه‌. (په‌یدابوون ٦: ٥)
به‌ڵام، هێشتا یه‌ك خێزان باوه‌ڕیان به‌ خودا هه‌بوو.
نوح له‌ به‌رچاوی یه‌زدان ڕەزامه‌ندی به‌ده‌ستهێنابوو.
ئیتر خودا به‌ نوحی فه‌رموو: (من كۆتایی به‌ بوونی هه‌موو ئاده‌میزاد ده‌هێنم، چونكه‌ به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ زه‌وی پڕ بووه‌ له‌ توندوتیژی. وا له‌گه‌ڵ زه‌وی له‌ناویان ده‌به‌م. كه‌شتییه‌ك بۆ خۆت له‌ دارسه‌روو دروست بكه‌، كه‌شتییه‌كه‌ بكه‌ لانه‌ و به‌ قیر دیوی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی سواخ بده‌. ئاواش دروستی ده‌كه‌یت…) (په‌یدابوون ٦: ٨، ١٣-١٥)
ئه‌م كه‌شتییه‌ سێ‌ قاته‌ ئه‌وه‌نده‌ و نیوی گۆڕەپانێكی تۆپی پێ‌ ده‌بوو، ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ بوو جێگه‌ی جووتێك له‌ هه‌ر جۆره‌ ئاژەڵ و باڵنده‌یه‌كی سه‌ر زه‌وی تێدا ده‌بۆوه‌ جگه‌ له‌ حه‌وت جووت ئاژەڵ بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانی. كه‌شتییه‌كه‌ ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕی هه‌وا و ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌ی تێدابوو.
یه‌ك سه‌ده‌ی ته‌واو نوح و ژنه‌كه‌ی و سێ‌ كوڕەكه‌ی و ژنه‌كانیان خه‌ریكی دروستكردنی ئه‌م كه‌شتییه‌ بوون. له‌ كاتێكدا نوح سه‌رقاڵی دروستكردنی كه‌شتییه‌كه‌ بوو، خه‌ڵكیشی ئاگادارده‌كرده‌وه‌ له‌ تووڕەیی و حوكمی خودا، به‌ڵام خه‌ڵكه‌كه‌ به‌رده‌وام گاڵته‌یان پێده‌كرد.
له‌ كۆتاییدا كه‌شتییه‌كه‌ ته‌واوبوو، نوح و خێزانه‌كه‌ی كه‌شتییه‌كه‌یان پڕكرد له‌ پێداویستی و خوارده‌مه‌نی. یه‌زدانیش له‌ هه‌موو جۆره‌كانی ئاژەڵ و باڵنده‌ و خشۆكی سه‌ر زه‌وی جووتێكی هێنا و خستییه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌وه‌. چ دیمه‌نێك بوو كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌چوونه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌ و له‌ناو هه‌زاران به‌شی ناو كه‌شتییه‌كه‌ جێی خۆیان ده‌گرت!
نوح و خێزانه‌كه‌ی چوونه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌وه‌. ئایا هیچ كه‌سێكی دیكه‌ هاته‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌؟ نه‌خێر. ئینجا یه‌زدان ده‌رگای كه‌شتییه‌كه‌ی داخست. هه‌ورێكی ڕەش سه‌رتاپای جیهانی داگرت.
له‌و ڕۆژەدا هه‌موو سه‌رچاوه‌كانی ده‌ریا گه‌وره‌كه‌ی ژێر زه‌وی ته‌قینه‌وه‌ و ده‌روازه‌كانی ئاسمانیش كرانه‌وه‌. چل شه‌و و چل ڕۆژیش له‌سه‌ر زه‌وی باران باری. (په‌یدابوون ٧: ١١-١٢)
ئه‌وه‌ خراپترین كاره‌ساتی سروشتی بوو له‌ مێژوودا. جگه‌ له‌و هه‌شت كه‌سه‌ی چووبوونه‌ ناو كه‌شتییه‌كه‌وه‌ هه‌موو مرۆڤایه‌تی له‌ناوچوو. بۆ خه‌ڵكه‌ بێ باوه‌ڕ و خۆبه‌زلزانه‌كه‌ تازه‌ كار له‌ كار ترازابوو.
ئاسه‌وار و تۆماره‌ جیۆلۆجییه‌كان ڕاستی ئه‌و ڕووداوه‌ پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه‌. له‌ بیابانه‌ كاكی به‌ كاكییه‌كان هه‌تا لووتكه‌كانی هیمالایا هه‌موو شته‌كان چوونه‌ته‌ ژێر ئاو.
خودا له‌ به‌زه‌ییه‌كه‌یدا دانبه‌خۆگره‌، به‌ڵام له‌ دادپه‌روه‌ریه‌كه‌یدا حوكمی گوناه ده‌دات.



بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

لافاوەكەی سەردەمی نوح چیامن فێردەكات دەربارەی دانبەخۆداگرتن و حوكمی خودا؟