پەردەی شەست و دووەم: پاشای ڕزگاركەری

KoG 62-ROCKintl.orgبۆ به‌جێهێنانی پلانه‌كه‌ی خودا، مه‌سیح هه‌موو كه‌موكوڕی و گوناهه‌كانی ئێمه‌ی خسته‌ سه‌ر شانی خۆی. له‌بری ئێمه‌ نه‌فره‌تی لێكرا. ئه‌و سزایه‌ی ئێمه‌ شایه‌نی بووین ئه‌و له‌ ئه‌ستۆی خۆی گرت.
ئه‌و ڕۆژەی ئاده‌م فه‌رمانی خودای شكاند، یه‌زدان ڕایگه‌یاند ڕۆژێك دێت مه‌سیح سه‌ری ماره‌كه‌ پان ده‌كاته‌وه‌. یه‌زدان به‌ شه‌یتانی گوت،
«نه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رت پان ده‌كاته‌وه‌ و تۆش پاژنه‌ی پێی ده‌كوتیت.» (په‌یدابوون ٣: ١٥)
ئه‌و پێشبینییه‌ی ده‌رباره‌ی شه‌یتان گوترابوو، چۆن پاژنه‌ی پێی مه‌سیحی ڕزگاركه‌ر ده‌كوتێ‌، ئاماژە بوو بۆ ئه‌و هه‌موو شه‌رمه‌زاری و ئازاره‌ی به‌رخی خودا له‌سه‌ر خاچ چێژتی، كاتێك «ئه‌و له‌به‌ر یاخیبوونه‌كانمان بریندار بوو» (ئیشایا ٥٣: ٥).
ئه‌وانه‌ی عیسایان له‌خاچ دا هیچیان له‌باره‌ی پلانه‌ نهێنییه‌كه‌ی خوداوه‌ نه‌ده‌زانی.
هیچ كام له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م دنیایه‌ تێنه‌گه‌یشتن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر تێبگه‌یشتنایه‌، مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆیان له‌ خاچ نه‌ده‌دا.
په‌یامی خاچ بۆ له‌ناوچووان گێلایه‌تییه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی ڕزگاربووان هێزی خودایه‌.
(یه‌كه‌م كۆرنسۆس ٢: ٨، ١: ١٨)
عیسا له‌گه‌ڵ دوو تاوانباردا له‌ خاچدرا، خاچه‌كه‌ی مه‌سیح له‌ ناوه‌ڕاستدا بوو.
یه‌كێك له‌ تاوانباره‌ هه‌ڵواسراوه‌كان، كفری له‌ دژی ده‌كرد و ده‌یگوت: «ئایا تۆ مه‌سیح نیت؟ ده‌ی خۆت و ئێمه‌ش ڕزگار بكه‌.»
به‌ڵام ئه‌وی دیكه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و سه‌رزه‌نشتی كرد: «له‌ خودا ناترسی، كه‌ تۆش هه‌مان سزات به‌سه‌ردا دراوه‌؟ سزای ئێمه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌ جیاتی كرداره‌كانمان وه‌ریده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ هیچ هه‌ڵه‌ی نه‌كردووه‌.» ئینجا گوتی: «عیسا منت له‌یاد بێت كاتێك وه‌ك پاشا دێیته‌ ناو شانشینه‌كه‌ته‌وه‌.»
پێی فه‌رموو: «ڕاستیت پێ ده‌ڵێم: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت.» (لۆقا ٢٣: ٣٩-٤٣)
تاوانباری یه‌كه‌م ته‌نها ڕزگاربوونی له‌ ئازاری جه‌سته‌یی ده‌ویست. باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بوو كه‌ پێویستی به‌ ڕزگاركه‌رێكه‌ له‌بری ئه‌و بمرێت.
تاوانباری دووه‌میش شوێنكه‌وته‌ی عیسا نه‌بوو. به‌ڵام له‌ كاتێكدا ڕووبه‌ڕووی مردن ده‌بووه‌وه‌ دڵی گۆڕا. ده‌یویست په‌روه‌ردگار له‌ پاشایه‌تی شه‌یتان ڕزگاری بكات. خوازیاربوو ببێته‌ هاوڵاتی پاشایه‌تییه‌كه‌ی خودا، ئه‌گه‌ر خواستی پاشای له‌سه‌ر بێت. وه‌ڵامه‌كه‌ی عیسا گومانی تاوانباره‌كه‌ی ڕەوانده‌وه‌:
«ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ من له‌ به‌هه‌شتدا ده‌بیت.» (لۆقا ٢٣: ٤٣)
ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژە هه‌ردوو تاوانباره‌كه‌ مردن. یه‌كێكیان چووه‌ دۆزه‌خ. ئه‌وه‌ی دیكه‌یان چووه‌ به‌هه‌شت. هۆی ئه‌م جیاوازییه‌ چی بوو؟
یه‌كێكیان باوه‌ڕ و متمانه‌ی به‌ پاشای ڕزگاركه‌ر هه‌بوو. ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

دوو دز لەگەڵ عیسا لەخاچدران. ئەمڕۆ یەكێكیان لە دۆزەخدایە (جیابوونەوەی هەتاهەتایی لەگەڵ خودا)، ئەوی دیكەیان لە بەهەشتدایە (بۆ هەتاهەتایە لەگەڵ خودا). هۆی ئەو جیاوازییه چی بوو؟