پەردەی دەیەم: شانشینی ڕووناكی‌

KoG 10-ROCKintl.orgبه‌رله‌وه‌ی باس له‌و ڕووداوه‌ چه‌وته‌ بكه‌ین كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و له‌ ناو باخچه‌كه‌دا ڕوویدا، پێویسته‌ له‌ چه‌ند شتێك ده‌رباره‌ی ئاسمان «به‌هه‌شت» بگه‌ین.
ئه‌و دونیایه‌ كه‌ فیرده‌وسیشی پێده‌گوترێ‌، پڕە له‌ چه‌ندین ڕەنگی دڵڕفێن و مۆسیقای پڕ له‌ جۆش و خرۆش و گفتوگۆی دڵخۆشكه‌ر و نهێنی نه‌كراوه‌. ساده‌ترین كار له‌ به‌هه‌شتدا به‌چێژتره‌ له‌ گه‌وره‌ترین خۆشی سه‌ر زه‌وی. به‌هه‌شت تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌.
به‌هه‌شت ماڵی پاشاكه‌یه‌.
گه‌وره‌ترین چێژ و خۆشی ئه‌م شوێنه‌ ئاماده‌بوونی پاشاكه‌ خۆیه‌تی له‌وێ‌. هه‌موو سووچێكی ئه‌م شاره‌ ئاسمانیه‌ به‌ جۆرێك نه‌خشه‌ی كێشراوه‌ كه‌ ڕەنگدانه‌وه‌ی خاوه‌ن شكۆ خۆی بێت.

شاره‌كه‌ش له‌ زێڕی بێگه‌رد بوو، وه‌ك شووشه‌ی ساف. (ئاشكراكردن ٢١: ١٨)

له‌ كۆتا په‌ڕتووكی كتێبی پیرۆزدا (ئاشكراكردن) وێنه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی ئه‌م شاره‌ ئاسمانیه‌ نه‌خشێنراوه‌. یه‌زدان له‌و په‌ڕتووكه‌دا وێنه‌ی ئه‌و جێگه‌یه‌ی نیشانی یۆحه‌نای پێغه‌مبه‌ر داوه‌، هه‌روه‌ها فه‌رمانی به‌ یۆحه‌نا كردووه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بینیوویه‌تی له‌م په‌ڕتووكه‌دا تۆماریان بكات.

ته‌ختێكم بینی له‌ ئاسمان دانرابوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش یه‌كێك دانیشتبوو…. په‌لكه‌ زێڕینه‌یه‌كیش وه‌ك زمروود له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ ده‌دره‌وشایه‌وه‌،… له‌ ته‌خته‌كه‌وه‌ هه‌وره‌ بروسكه‌ و ده‌نگه‌ده‌نگ و هه‌وره‌گرمه‌ ده‌هات. له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش شوێنێكی وه‌ك ده‌ریایه‌كی شووشه‌یی هه‌بوو، وه‌ك كریستاڵ.
ئینجا ته‌ماشام كرد و گوێم له‌ ده‌نگی فریشته‌یه‌كی زۆر بوو له‌ ده‌وری ته‌خته‌كه‌ و بوونه‌وه‌ره‌كان ‏و پیره‌كان، ژماره‌یان هه‌زاران هه‌زار و ده‌یان هه‌زار ده‌هه‌زار ده‌بوو،… چوار بوونه‌وه‌ره‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش باڵی هه‌بوو، ده‌وروبه‌ر و ژێر باڵیشیان به‌ چاو داپۆشرابوو، شه‌و و ڕۆژ بێ‌ وه‌ستان ده‌ڵێن: «پیرۆزه‌، پیرۆزه‌، پیرۆزه‌، خودای په‌روه‌ردگاری هه‌ره‌ به‌ توانا، ئه‌وه‌ی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ و دێت.!» (ئاشكراكردن ٤: ٢-٣، ٥-٦، ٥: ١١،  ٤: ٨)

فریشته‌ واته‌ په‌یامبه‌ر یان خزمه‌تكار. فریشته‌كان بوونه‌وه‌ری ڕۆحین. هه‌روه‌ك به‌دیهێنه‌ره‌كه‌یان، مرۆڤ فریشته‌كان نابینێت، ته‌نها له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت كه‌ یه‌زدان به‌ كارێك ده‌یاننێرێت بۆ گه‌یاندنی په‌یامێك بۆ كه‌سێك.
پاشای ئاسمان پێش مرۆڤ فریشته‌كانی به‌دیهێنا. یه‌زدان له‌ په‌ڕتووكه‌ پیرۆزه‌كه‌یدا ده‌فه‌رموێ: «هه‌موو فریشته‌كان هوتافیان كێشا» (ئه‌یوب ٣٨: ٧) له‌ كاتێكدا ته‌ماشای خودایان ده‌كرد، كاتێك‌ جیهانی به‌دیده‌هێنا.
یه‌زدان توانای به‌ فریشته‌كان به‌خشی بۆ زانین، گوێڕایه‌ڵی، ستایشكردن و خزمه‌تكردنی یه‌زدان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌. فریشته‌كان كۆیله‌ی خودا نه‌بوون. هه‌روه‌ك مرۆڤ، یه‌زدان خواستی نه‌بوو فریشته‌كانیش به‌ زۆر ملكه‌چی بن. یه‌زدان ده‌یویست خزمه‌تكاره‌كانی دڵخۆش بن و به‌ خواستی خۆیان كار بۆ یه‌زدان بكه‌ن.
كتێبی پیرۆز باس له‌ یه‌كێك له‌و فریشتانه‌ ده‌كات كه‌ یه‌زدان زیره‌كی و جوانی و هێزێكی گه‌وره‌ی پێ به‌خشیبوو.
ئه‌گه‌ر چیڕۆكی ئه‌م فریشته‌یه‌ بزانی، ئه‌وا ده‌زانی خراپه‌ له‌ كوێوه‌ سه‌ریهه‌ڵدا.



بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

سەرنج ڕاكێشرتین شت لە بەهەشتدا چییە؟