پەردەی هەژدەیەم: یەکەم قوربانی

KoG 18-ROCKintl.orgئایا له‌ بیرتانه‌ ئاده‌م و حه‌وا چییان كرد پاش ئه‌وه‌ی له‌به‌ری دره‌خته‌كه‌یان خوارد؟ هه‌وڵیاندا به‌ گه‌ڵای هه‌نجیر خۆیان داپۆشن.
ئایا داپۆشینه‌كه‌ی ئاده‌م و حه‌وا به‌ گه‌ڵای هه‌نجیر ئاسووده‌ی كردن له‌به‌رده‌م به‌دیهێنه‌ره‌كه‌یاندا؟ نه‌خێر، هێشتا هه‌ستیان به‌ شه‌رم و گوناه ده‌كرد. هیچ ڕێگه‌یه‌كیان بۆ خۆپاككردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌م خودا نه‌بوو.
خودا شتێكی بۆ كردن.
«یه‌زدانی په‌روه‌ردگار بۆ ئاده‌م و ژنه‌كه‌ی جلی له‌ پێست دروستكرد و له‌به‌ری كردن.» (په‌یدابوون ٣: ٢١)
ئایا كێ‌ بوو یه‌كه‌مین ئاژەڵی كرد به‌ قوربانی؟ خودا بوو.
خودا چه‌ند ئاژەڵێكی بۆ كردن به‌ قوربانی و به‌ پێسته‌كه‌ی به‌رگێكی بۆ دروستكردن و دایپۆشین. خودا به‌م كاره‌ی، ئاده‌م و حه‌وای فێری چه‌ند بنه‌مایه‌ك كرد ده‌رباره‌ی دادپه‌روه‌ری و به‌زه‌یی و نیعمه‌ته‌كه‌ی.
با هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌م سێ‌ وشه‌ گرنگه‌ بكه‌ین.
دادپه‌روه‌ری. بڕوانه‌ ئاژەڵه‌ مردووه‌كان. بۆچی خودا ئاژەڵه‌كانی كرده‌ قوربانی؟ خودا ئه‌و قوربانییه‌ی كرد بۆ ئه‌وه‌ی ئاده‌م و حه‌وا فێربكات كه‌ یاسای گوناه و مردن پێویستی به‌ باجدان هه‌یه‌. پێویسته‌ گوناهه‌كه‌یان به‌ مردن سزا بدرێت. ئه‌وه‌ دادپه‌روه‌رییه‌.
به‌زه‌یی. بڕوانه‌ ئاده‌م و حه‌وا. ئایا خودا به‌هۆی گوناهه‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌ردووكیانی كوشت؟ نه‌خێر، خودا له‌بری ئاده‌م و حه‌وا چه‌ند ئاژەڵێكی كوشت و كردییه‌ قوربانی. ئه‌وه‌ به‌زه‌ییه‌.
نیعمه‌ت. ئێستا بڕوانه‌ ئه‌و جل و به‌رگه‌ جوانه‌ كه‌ یه‌زدان ئاده‌م و حه‌وای پێ‌ داپۆشیوه‌. ئایا ئه‌م دوو كه‌سه‌ كه‌ فه‌رمانی خودایان شكاند شایه‌نی ئه‌م دیارییه‌ بوون؟ نه‌خێر، به‌ڵام خودا به‌زه‌یی نیشاندان به‌ دروستكردنی جل و به‌رگ بۆیان له‌ پێستی ئاژەڵ. ئه‌وه‌یه‌ نیعمه‌ت.
ئاده‌م و حه‌وا دڵخۆش بوون به‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ خودا بن، چونكه‌ خودا دادپه‌روه‌ری و به‌زه‌یی و نیعمه‌تی نیشاندان.
خوێنی ئاژەڵه‌كان گوناهه‌كانی ئه‌وانی داپۆشی. ئه‌و ڕۆژەی گوناهه‌كه‌یان كرد، ئاده‌م و حه‌وا شایه‌نی مردن بوون. به‌ڵام چه‌ند ئاژەڵێكی بێ‌ گوناه له‌ جێگه‌یان مرد.
پێستی ئاژەڵه‌كان شه‌رمه‌كه‌یانی داپۆشی. بۆیه‌ دووباره‌، ئاده‌م و حه‌وا هه‌ستیان به‌ ئاسوووده‌یی كرد له‌ به‌رده‌م خودا.
پاش چه‌ند هه‌زار ساڵێك، خودا له‌ ڕێگه‌ی یه‌كێك له‌ پێغه‌مبه‌رانیه‌وه‌ فه‌رمووی:
«به‌ شادی دڵشاد ده‌بم به‌ یه‌زدان – گیانم به‌ خودای خۆم شادمان ده‌بێت، چونكه‌ به‌رگی ڕزگاری له‌به‌ركردم، كه‌وای ڕاستودروستی به‌سه‌ر شانمدا دا.» (ئیشایا ٦١: ١٠)
ته‌نها خودا ده‌زانێت چۆن گوناهباران دووباره‌ بهێنێته‌وه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی ڕاست.



بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

یەزدان بۆ داپۆشینی گوناه و شەرمی ئادەم و حەوا چی كرد؟ خودا چۆن نیشانیدان كه ئەو خودایەكی دادپەروەر و بەبەزەیی و بەخشندەیه؟