پەردەی چوارەم: یەکە‌‌‌‌مین ڕۆژ

KoG 4-ROCKintl.orgپه‌ڕتووكی خودا به‌ جۆرێك ده‌ست پێده‌كات كه‌ گوزارشت له‌ مه‌زنایه‌تییه‌كه‌ی بكات. له‌ كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌یدا، پاشا به‌ ته‌نها ئه‌و شتانه‌مان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌ كه‌ ده‌یه‌وێ ئێمه‌ بیزانین.

«له‌ سه‌ره‌تادا خودا ئاسمان و زه‌ویی به‌دیهێنا.» (پەیدابوون١: ١)

هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ ده‌توانین بیانبینین و ده‌ستیان لێبده‌ین سه‌ره‌تایه‌كیان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌دیهێنه‌ری گه‌ردوون سه‌ره‌تا و كۆتایی نییه‌. ئه‌و جیهانی ڕۆحی هه‌تاهه‌تایی نه‌بینراوه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌یه‌ك ساتدا له‌ هه‌موو شوێنێكدا بێت. یه‌زدان هه‌موو شتێك ده‌بینێت و ده‌زانێت.
ئایا ناوی ئه‌و به‌دیهێنه‌ره‌ ده‌زانی؟ خودا چه‌ندین ناوی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ناوبانگترینیان ناوی «یه‌زدان»ـە‌. له‌ زمانه‌ بنه‌ڕەتیه‌كه‌ی كتێبی پیرۆزدا خودا ناوی یه‌هوایه‌، واته‌ ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ یان منم هه‌م.
له‌ سه‌ره‌تای چیڕۆكی دروستبوونی زه‌وی و ئاسمان، پاشا باس له‌ بناغه‌ و بنه‌ڕەتی زه‌وی ده‌كات.

«زه‌ویش بێ شێوه‌ و به‌تاڵ بوو، تاریكیش له‌سه‌ر ڕووی قووڵاییه‌كان بوو. ڕۆحی خوداش له‌سه‌ر ڕووی ئاوه‌كان ده‌جوڵایه‌وه‌.» (پەیدابوون١: ٢)

كاتی ئه‌وه‌ هاتبوو پاشا گه‌ردوون ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی له‌سه‌ری بژین.

«خودا فه‌رمووی: «با ڕووناكی ببێت.» ئینجا ڕووناكی بوو. خوداش بینی كه‌وا ڕووناكیه‌كه‌ باش بوو. ئیتر خودا ڕووناكیه‌كه‌ی له‌ تاریكی جیاكرده‌وه‌. خودا ڕووناكیه‌كه‌ی ناونا ڕۆژ و تاریكیه‌كه‌ی ناونا شه‌و. ئێواره‌ بوو، بووه‌ به‌یانی، ئه‌مه‌ ڕۆژی یه‌كه‌م بوو.» (پەیدابوون١: ٣-٥)

ئایا خودا له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی په‌یدابووندا چیكرد؟ خودا فه‌رمانیدا ڕووناكی ناو قووڵاییه‌كانی تاریكی ببڕێت. دواتر، ڕووناكی خۆر به‌سه‌ر زه‌ویدا بدره‌وشێته‌وه‌، به‌ڵام یه‌زدان له‌ ڕۆژی یه‌كه‌مدا ڕووناكی خۆری دروستنه‌كرد، چونكه‌ ده‌یویست ئێمه‌ بزانین كه‌ خودا خۆی سه‌رچاوه‌ی ڕووناكییه‌.

«خودا ڕووناكییه‌، هیچ تاریكی تێدا نییه‌.» (یەکەم یۆحەنا ١: ٥)

خودا وه‌ك ڕووناكی بێگه‌رده‌. هه‌رگیز بێگه‌ردی خودا پیس نابێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش كه‌ ڕووناكیه‌كه‌ی به‌سه‌ر شته‌ خراپه‌كانیشدا ده‌دره‌وشێته‌وه‌. خودا پاك و بێگه‌رده‌، خودا بێ‌ كه‌موكوڕیییه‌، خودا پیرۆزه‌.
ئایا ده‌زانی خودا له‌ كاتی به‌دیهێنانی زه‌وی و ئاسماندا كێی له‌گه‌ڵ بوو؟ یه‌كه‌م: ڕۆحی پیرۆزی خودا له‌وێ‌ بوو، به‌سه‌ر ئاوه‌كاندا هاتوچۆی ده‌كرد. دووه‌م: هه‌روه‌ها وشه‌كه‌ی له‌وێ بوو، ده‌دوا.

«له‌ سه‌ره‌تادا، ‏وشه‌كه‌ هه‌بوو، ‏وشه‌كه‌ له‌لای ‏خودا ‏بوو، وشه‌كه‌ خۆی ‏خودا ‏بوو. ‏ئه‌و‏ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ‏له‌لای ‏خودا ‏بوو. ‏هه‌موو ‏شتێك به‌و به‌دیهاتووه‌.» (یۆحەنا١: ١)

ڕۆحی پیرۆزی خودا و وشه‌ی خودا هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خودای ڕاسته‌قینه‌ بوون. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین:
هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها ئه‌و بوونی هه‌بووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز به‌ ته‌نها نه‌بووه‌.



بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

هەرچەندە یەزدان تاك و تەنها بوو، بەڵام هەرگیز تەنها نەبووە. چۆن لە مانای ئەم ڕستەیە تێدەگەی؟