پەردەی پەنجا و دووەم: دابینكەر

KoG 52-ROCKintl.orgبه‌رده‌وام خه‌ڵكانێكی زۆر له‌ ده‌وری مه‌سیح بوون، هه‌ندێك جار بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ڕۆژ له‌ ده‌وری ده‌مانه‌وه‌. زۆرجار خه‌ڵكه‌كه‌ به‌دووی ده‌كه‌وتن بۆ ئه‌و شوێنه‌ چۆڵه‌وانیانه‌ی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كانی تێیدا كاتی به‌سه‌رده‌برد. هه‌ندێك جار خه‌ڵكه‌كه‌ برسییان ده‌بوو.
نیوه‌ڕۆیه‌كیان له‌سه‌ر گردۆڵكه‌یه‌كی ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای جه‌لیل، زیاتر لە پێنج هه‌زار كه‌س له‌ ده‌وری مه‌سیح كۆببوونه‌وه‌. ئینجا عیسا به‌ فلیپۆسی گوت كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قوتابییه‌كانی:
«له‌كوێ نان بكڕین و ئه‌مانه‌ نان بده‌ین؟» ئه‌مه‌ی گوت بۆ ئه‌وه‌ی تاقی بكاته‌وه‌، چونكه‌ خۆی ده‌یزانی ده‌بێت چی بكات.
فیلیپۆس وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «بایی دوو سه‌د دیناریش نان به‌شیان ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كه‌یان كه‌مێكی به‌ركه‌وێت.»
یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانی كه‌ ئه‌ندراوسی برای شیمۆن په‌ترۆس بوو پێی گوت: «كوڕێك لێره‌یه‌ پێنج نانی جۆ و دوو ماسی پێیه‌. به‌ڵام ئه‌ونده‌ چییه‌ بۆ ئه‌م هه‌مووه‌؟»
عیسا فه‌رمووی: «خه‌ڵكه‌كه‌ دابنیشێنن.» ئه‌و شوێنه‌ گیایه‌كی زۆری لێبوو، جا پیاوه‌كان كه‌ پێنج هه‌زار ده‌بوون دانیشتن.
عیساش نانه‌كانی وه‌رگرت و سوپاسی خودای كرد، به‌سه‌ر دانیشتووان دابه‌شی كرد، بۆ ماسییه‌كانیش ئاوای كرد، ئه‌وه‌نده‌ی ویستیان. كاتێك تێربوون، به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: «ئه‌و په‌لكه‌نانه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ كۆی بكه‌نه‌وه‌ تاكو هیچ به‌فیڕۆ نه‌ڕوات.»
ئه‌وانیش كۆیان كرده‌وه‌ و دوازده‌ سه‌به‌ته‌یان پڕكرد له‌و په‌لكه‌نانه‌ی ئه‌و پێنج نانه‌ جۆیه‌ی له‌ نانخۆران مابووه‌وه‌. (یۆحه‌نا ٦: ٥-١٣)
بۆ ڕۆژی دواتر خه‌ڵكه‌كه‌ به‌دوای عیسادا ده‌گه‌ڕان تاكو بیدۆزنه‌وه‌ و بیكه‌نه‌ پاشای خۆیان، تاكو ڕزگاریان بكات له‌ ده‌ستی ئیمپراتۆری ڕۆم و خواردنی زیاتریان بۆ دابین بكات. به‌ڵام عیسا پێی فه‌رموون:
«بۆ خۆراكێك ئیش مه‌كه‌ن كه‌ له‌ناوده‌چێت، به‌ڵكو بۆ خۆراكێك كه‌ بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی كوڕی مرۆڤ* ده‌تانداتێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ خودای باوك مۆری لێداوه‌…
منم نانی ژیان. ئه‌وه‌ی بێته‌ لام هه‌رگیز برسی نابێت، ئه‌وه‌ش باوه‌ڕم پێ بهێنێت هه‌رگیز تینووی نابێت.» (یۆحه‌نا ٦: ٢٧، ٣٥)
خۆراك ته‌نها بۆ ماوه‌یه‌ك پێداویستی جه‌سته‌ت دابین ده‌كات، به‌ڵام په‌روه‌ردگار ده‌توانێت‌ ژیانی هه‌تاهه‌تایی ڕاسته‌قینه‌ به‌ مرۆڤه‌كان ببه‌خشێ‌.
ته‌نها مه‌سیح ده‌توانێ‌ بڵێ‌،

«منم نانی ژیان.»



 بڕۆ سەرەتا



دوا تێبینی

عیسا زۆر جار خۆی به كوڕی مرۆڤ ناو دەبرد. له كاتێكدا هەمیشه كوڕی خودا بووه. وەك كوڕی خودا، عیسا ئەو وشەیەیه لەسەرهتاوه لەگەڵ خودا بوو (ۆحەنا ١: ٢، پەیدابوون ١: ٣.) وەك كوڕی مرۆڤ، وشەكه بووه لەش، ئەوەی لەلایەن خوداوه هەڵبژێردرا تاكو ببێته پاشای ڕزگاركەری جیهان. (یۆحەنا ١: ١٤، دانیال ٧: ١٣-١٤)


پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

عیسا چی بەو خەڵكانە گوت كە بۆ ڕۆژی دوایی گەڕانەوە و داوای خواردنی زیاتریان کرد؟