پەردەی پەنجا و هەشتەم: پاشەکە دەستگیر ده‌كرێت‌

KoG 58-ROCKintl.orgئێواره‌ی پێش ڕۆژی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون16 بوو، ئه‌و ڕۆژەی كه‌ جوله‌كه‌كان قوربانییان تێدا ده‌كرد و تێیدا به‌ هه‌زاران به‌رخیان سه‌رده‌بڕی بۆ قوربانی.
هه‌رچه‌نده‌ عیسا ده‌یزانی له‌و ڕۆژەدا ئه‌ویش له‌خاچ ده‌درێت، ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژەی له‌گه‌ڵ قوتابییه‌كان به‌سه‌ر برد و نانی ئێواره‌ی له‌گه‌ڵ خواردن. له‌ كاتی نانخواردنه‌كه‌دا، نانێكی هه‌ڵگرت، پیرۆزی كرد و له‌تیكرد ئینجا دای به‌ قوتابییه‌كان تا بیخۆن. هه‌روه‌ها جامێكی هه‌ڵگرت و دای به‌ هه‌ریه‌ك له‌ قوتابییه‌كانی تا لێی بخۆنه‌وه‌. عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو، له‌تكردنی ئه‌و نانه‌ هێمایه‌ بۆ جه‌سته‌ی هه‌روه‌ها جامه‌كه‌ هێمایه‌ بۆ ڕژانی خوێنی بۆ هێنانه‌دی په‌یمانه‌ نوێیه‌كه‌ و لێخۆشبوونی گوناه‌.
له‌ نیوه‌ی شه‌ودا، قوتابییه‌كانی برد بۆ شوێنێك كه‌ ناوده‌برا به‌ باخچه‌ی گه‌تسیمانی. عیسا ده‌یزانی مه‌ترسیه‌كه‌ له‌وێ‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كات، بۆیه‌ ده‌ستیكرد به‌ نوێژكردن.
پاش چه‌ند كاتژمێرێك، پێشه‌وایانی ئايینی جوله‌كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك پیاوی شمشێر به‌ده‌سته‌وه‌ هاتن. عیسا به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی فه‌رموو:
«وه‌ك بۆ گرتنی یاخیبووێك به‌ كوته‌ك و شمشێره‌وه‌ هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانه‌ له‌ حه‌وشه‌كانی په‌رستگا دانیشتبووم خه‌ریكی فێركردن بووم، نه‌تانگرتم. به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌مووی ڕوویدا بۆ هاتنه‌دی نووسراوه‌ پیرۆزه‌كانی پێغه‌مبه‌ران.»
ئینجا هه‌موو قوتابییه‌كان به‌جێیان هێشت و ڕایانكرد. (مه‌تا ٢٦: ٥٥-٥٦)
عیسا ڕێگه‌ی دا به‌ پیاوه‌كان قۆڵبه‌ستی بكه‌ن و بیبه‌ن بۆ ماڵی سه‌رۆك كاهینی جوله‌كه‌ كه‌ له‌وێ‌ هه‌موو پێشه‌وایانی ئايینی جوله‌كه‌ كۆببوونه‌وه‌. هه‌ر له‌وێ‌ كه‌سانێكی زۆر به‌ درۆ شایه‌تییان له‌ دژی عیسا دا.
سه‌رۆك كاهینیش له‌ناوه‌ڕاست ڕاوه‌ستا و له‌ عیسای پرسی: «هیچ وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌وانه‌ شایه‌تی چی له‌ دژت ده‌ده‌ن؟» به‌ڵام عیسا بێده‌نگ مایه‌وه‌ و هیچ وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌. دیسان سه‌رۆك كاهین لێی پرسی و پێی گوت: «ئایا تۆ مه‌سیحه‌كه‌ی، كوڕی خودای پیرۆز؟»
عیسا فه‌رمووی: «من ئه‌وم. له‌ داهاتووش ده‌بینن كوڕی مرۆڤ له‌ ده‌سته‌ ڕاستی توانادار داده‌نیشێت و له‌گه‌ڵ هه‌وری ئاسماندا دێته‌وه‌.»
سه‌رۆك كاهین جله‌كانی خۆی دادڕی و گوتی: «ئیتر چ پێویستیمان به‌ شایه‌ت هه‌یه‌؟ خۆ گوێتان له‌ كفره‌كه‌ بوو، ڕاتان چییه‌؟»
هه‌موو بڕیاریان دا كه‌ شایانی مردنه‌.
هه‌ندێك كه‌وتنه‌ تف لێكردنی، ده‌م و چاویان داپۆشی و لێیان ده‌دا، پێیان ده‌گوت: «ئه‌گه‌ر پێغه‌مبه‌ریت، بزانه‌ كێ بوو لێیدایت؟» پاسه‌وانه‌كانیش گرتییان و دایانه‌ به‌ر زللە.
(مه‌رقۆس ١٤: ٥٦، ٦٠-٦٥)
دادگای جوله‌كه‌كان سزای مەرگ به‌سه‌رعیسادا سه‌پاند، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنیان نه‌بوو، چونكه‌ ته‌نها دادگای ڕۆم ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی سزای له‌ خاچدانی هه‌بوو.



 بڕۆ سەرەتا



پرسیار بۆ پێداچوونەوە:

بۆچی سەرۆك كاهینی جولەكەكان گوتی دەبێت عیسا لە خاچ بدرێت؟